کاردانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و سەرۆککۆماری ئازەربایجان بە هەواڵەکانی پەیوەند بە کۆپتەری هەڵگری ڕەئیسی

چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە و هاوبەشەکانی، چاودێری ڕاپۆرتەکانی "نیشتنەوەی بەپەلە"ی کۆپتەری هەڵگری سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە دەکەین و بە وردی بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان دەکەین."

هەروەها سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە دوای ئەو دیدارە دۆستانەیەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی کردوومە، زۆر نیگەران بووین لە نیشتنەوەی بە پەلەی هەلیکۆپتەری هەڵگری شاندی باڵای ئێران و هەواڵەکان لەو بارەیەوە.

ئیلهام عەلیێڤ لە درێژەدا نووسیویەتی کۆماری ئازەربایجان وەک "وڵاتێکی دراوسێ و دۆست و برا" ئامادەیە بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەک و "دوعا" بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندی یاوەری دەکات.

بە وتەی ئاژانسەکانی حکومەتی ئێران، لەو ناوچەیەی کە کۆپتەرەکەی هەڵگری ئیبراهیم ڕەیسی لێی کەوتۆتە خوارەوە، باران دەستی پێکردووە و بەهۆی تەم و مژەوە، مەودای بینین لە 12 مەتر (٤٠ پێ) زیاتر نییە.

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، ڕێکخراوی فریاگوزاری داوای لە خەڵک کردووە نەچنە ئەو ناوچەیەی کە کۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری لێ کەوتوەتەخوارەوە بۆ ئەوەی "ناوچەکە قەرەباڵغ نەبێت و هیچ دەستوەردانێک لە فریاگوزاریدا نەبێت".

ڕۆژنامەی شەرقیش ئاماژەی بە قسەکانی بەرپرسی مانگی سووری ئێران کردووە کە کاتژمێر 5:57 خولەکی پاشنیوەڕۆ ڕایگەیاندووە کە "زیاتر لە سێ کاتژمێرە ئۆپەراسیۆنی گەڕان دەستی پێکردووە" و ڕایگەیاندووە کە ئەم لێدوانانە نیشان دەدەن کە "هێلیکۆپتەرەکە زووتر کەوتۆتە خوارەوە بە بەراورد بەو کاتەی لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەی پێکراوە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی داوە "هەموو ئاسانکاری و کەرەستە و تواناکانی سوپا و سوپای پاسداران و فەرماندەیی پۆلیس بخرێتە کارەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران و شاندەکەی.