هەڵمەتێکی سەلامەتی ڕێگاوبانەکان لە فەرەنسا دروشمی ' وەک ژن شۆفێری بکە' بەکاردەهێنێت

ڕێکخراوێکی سەلامەتی ڕێگاوبان لە فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هەڵمەتێکی دەستپێکردووە و تیایدا داوا لە پیاوان دەکات وەکو ژنان شۆفێری بکەن. ئامانج لەم هەڵمەتەدا کەمکردنەوەی مردنە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە هەمان کاتدا پووچەڵکردنەوەی ئەو بۆچوونە ڕەگەزپەرستانەشە کە دەڵێت پیاوان باشترن لە ئۆتۆمبێل ئاژۆتندا.

دروشمی" وەک ژنێک شۆفێری بکە"، لەسەر ڕێگاوبانەکان، زیاتر لە وێستگەکانی میترۆ دەبینرێت و بە شێوەی ئۆنلاینیش لەلایەن کۆمەڵەی قوربانیان و هاووڵاتیانەوە بڵاودەکرێتەوە.

کۆمەڵەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "چاوپێخشاندنێک بە داتاکاندا پێت دەڵێت کە هیچ ڕاستییەک نییە" بۆ ئەو چەشنە چەسپاوەی کە پیاوان شۆفێری باشترن.

و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی حکومی پارێزراوی ڕێگاوبانەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی لەسەدا 84ی ڕووداوە کوشندەکانی ڕێگاوبان بەهۆی پیاوانەوە بووە.

ڕێکخراوی قوربانی و هاووڵاتیان کە هاوکاری ئەو کەسانە دەکات کە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا بریندار بوون و هەڵمەتی هۆشیاری بەڕێوەدەبات، ڕایگەیاندووە، هیوادارە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە "عەقڵیەتی پیاوان و ڕەفتارەکان بگۆڕدرێن."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی حکومەت، لەسەدا 93ی ئەو شۆفێرانەی لەژێر کاریگەری مەییدا ڕووداوی هاتووچۆیان خوڵقاندووە، پیاو بوون.

لە کەمپەینی ڕیکلامەکەدا هاتووە "ئاژۆتنی ئۆتۆمبێل وەک ژن تەنها مانای یەک شتە، مانەوە لە ژیاندا".

لە ساڵی ڕابردوودا لە فەرەنسا نزیکەی سێ هەزار و 200 کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە، داتا سەرەتاییەکانی ئەمساڵ ئاماژە بە ئەگەری زیادبوون دەکەن لە ساڵی 2024دا.

سەرچاوە: فرانس پرێس