ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە دوای وتووێژی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ڕایگەیاند، تاوتوێی کردنەوەی دەروازەی نوێی سنووری لەگەڵ ئێراندا دەکات. ئەمەش لە لەکاتێکدایە هەردوو وڵات هەوڵی زیندووکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان دەدەن.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بازرگانی تورکیا و ئێران شانبەشانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر تاران و پەتای کۆڤیدی بە هۆیکاری دابەزینی قەبارەی بازرگانی دانا.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و ئێران لە ساڵی 2012 گەیشتە لوتکە و نزیکەی 22 ملیار دۆلار بوو، بەڵام لە پاش ئەوەوە ئیتر دابەزی و بە پێی وەزیری بازرگانی تورکیا لە ساڵی 2023دا 7.4 ملیار دۆلار بووە.
تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ لە ئێستادا چوار دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێراندا هەیە، یەکێک لەو دەروازانە، کە دەکەوێتە نێوان ناوچەکانی گوربولەک لە تورکیا و بازێرگان لە ئێران لە ساڵی 2021 وە لە قۆناغی چاککردنەوەدایە.
ئەردۆغان گوتیشی "لە کاتێکدا ئێمە پەتاکەمان (کۆرۆنا) بەڕێکردووە، بەڵام کاریگەریی گەمارۆکان درێژەی هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بەهۆی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکانەوە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران تێکنادات."
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتیشی " لەم دۆخەی ئێستادا گەمارۆکان کێشە لە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئێران دروست دەکەن، بەتایبەتی ئەو پرسانەی کە بەهۆی سیستەمی بانکیەوە دروست دەبن."
ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی بازرگانی نێوان ئەنقەرە و تاران باشترین ڕێگەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان.
ئابوری ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆیانەی، کە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەسەریدا سەپێندراوە پەکی کەوتووە . تاران ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ئامانجی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز