سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا هێزەکانی ئۆکرانیا هێشتا شارۆچکەی گرنگی ستراتیژی باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان لە ژێر دەستدا ماوە. هاوکات بارودخەکەی هەرێمی دۆنباس هەر بە سەختی ماوەتەوە.
زێلێنسکی وتیشی هێرشە موشەکییەکان و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە بە ئامانجکردنی شارەکانی ئۆکرانیا، بوونەتە هۆی کاولکاری و قوربانیشیان لێکەوتۆتەوە.
شەڕ و پێکدادانەکان بە دیاریکراوی لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوامن، ئەو هەرێمانەش سنوورییان بە ڕووسیاوەیە. دوو هەرێمەکە پێکەوە هەرێمی پیشەسازی دۆنباس پێکدەهێنن کە ڕووسیا هێشتا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی نەکردووە.
هێزەکانی ڕووسیا چەند جارێک هەوڵیانداوە باخموت بگرن، کە دەکەوێتە سەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆ شارەکانی سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک. هەردوو ئەو شارەش دەکەونە هەرێمی دۆنێتسکەوە.
زێلێنسکی وتی " شەڕەکە لە ناوچە جیا جیاکانی بەرەکانی پێشەوە بەردەوامە. بارودۆخەکە لە هەرێمی دۆنێتسک و هەرێمی لوهانسک زۆر سەختە."
وتیشی " سەختترینیان بە ئاڕاستەی باخموتە. ئێمە شوێنەکانی خۆمان گرتووە."
سەرکردەی ستافی سەربازیی ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە بەرپەرچی 11 هێرشی جیا جیای ڕووسیایان لە نزیک کراماتۆرسک و باخموت و شارۆچکەی ئاڤدیڤکا داوەتەوە.
زێلێنسکی وتیشی هێزەکانی ڕووسیا کە لە ڕۆژی دووشەممەدا بە چڕی بۆردومانی شارەکانی ئۆکرانیایان کرد، لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا لە حەوت هەرێمی ئۆکرانیایان داوە.
زێلێنسکی وتی " هەندێک لە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خرانە خوارەوە، بەڵام بە داخەوە هەموویان نەخرانە خوارەوە. بە داخەوە کاولکاری و قوربانی هەن." ڕۆژی هەینی ئۆکرانیا وتی پێشبینی دەکات لەم مانگەدا ئەمەریکا و ئەڵمانیا سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بدەن بە ئۆکرانیا.
زێلێنسکی وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 65,000 سەربازی ڕووسی کوژراون، ئەم ژمارەیەش زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی کە بەرپرسانی ڕووسیا لە 21 ی مانگی نۆدا بڵاوییان کردەوە.
ڕووسیا لە 21 ی مانگی نۆدا ڕایگەیاند 5,937 سەربازییان لە ئۆکرانیا کوژراون. لە مانگی هەشتدا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی ڕووسیا 70,000 بۆ 80,000 قوربانی هەبووە، بە کوژراو و بریندارەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز