سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی بیستدا داوای کرد سەرکردایەتییەکەیان بەهێزتر بکەن و بەپێی ئەو پلانی ئاشتییەی کە پێشنیار کراوە جەنگەکەی ڕووسیا لە وڵاتەکەیدا ڕابگرن.
زێلێنسکی لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە بە کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی بیستی وت " ئێمە ڕێگە نادەین ڕووسیا چاوەڕێ بکات و هێزەکانی کۆبکاتەوە."
وتی " من دڵنیام لەوەی ئێستا کاتی ئەوەیە جەنگەکەی ڕووسیا دەبێت ڕابگیرێت و دەتوانرێت ڕابگیرێت."
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێزەکانی ئۆکرانیا پێشڕەوییان کردووە دژی هێزەکانی ڕووسیا لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا، هەفتەی ڕابردوو شاری خێرسۆنی باشووری وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە.
زێلێنسکی داوای لە ڕابەرانی کۆمەڵەی بیست کرد بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جینپینگیشەوە پلانە 10 خاڵییەکەی ئاشتی پەسەند بکەن و بە شێوەیەکی " یەکسان و بەپێی پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان " کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن.
زێلێنسکی داوای کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی کرد بۆ " چەسپاندنی بەشە سەرەکییەکانی ئاسایشی یۆرۆ – ئەتلانتیک " و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی " دوژمنکارییەکی دیکەی ڕووسیا."
وتی " تکایە ڕێگای سەرکردایەتیتان هەڵبژێرن، پێکەوە بە دڵنیاییەوە دەتوانین پلانی ئاشتی جێبەجێ بکەین."
زێلێنسکی دووبارە جەختی لەوە کردەوە ڕووسیا دەبێت سەرجەم هێزەکانی لەسەر خاکی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە، وتیشی کیێڤ هیچ سازدانێک ناکات لەسەر خاکەکەی. هەروەها داواشی کرد سەرجەم بەندکراوە ئۆکرانییەکان ئازاد بکرێن.
وتی " ئەگەر ڕووسیا پلانی ئاشتیمان ڕەت بکاتەوە، ئەوا دەردەکەوێت کە ڕووسیا تەنها جەنگی دەوێت."
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی ئەمەریکا پێشبینی دەکات کۆمەڵەی بیست لە کۆتایی کۆبوونەوەکانیدا لە بالی ئیندۆنیسیا سەرکۆنەی جەنگەکەی ڕووسیا و کاریگەرییەکانی بکات لەسەر ئابووری جیهان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
زێلێنسکی داوا لە کۆمەڵەی بیست دەکات پلانی ئۆکرانیا بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی پەسەند بکات