Accessibility links

ئەردەن ناوەندێکی پێدانی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا لە کامپێکی پەنابەرانی سوریادا دەکاتەوە


ئەردەن ناوەندێکی پێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەناو کامپی زەعتەری پەنابەرانی سوریدا کردەوە کە نزیکەی 80 هەزار پەنابەری سوری تێدایە و دەکەوێتە پارێزگای مەفرەقەوە لە باکووری وڵاتەکە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران لە ئەردەن محەمەد حەواری بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئەم ناوەندەی کە ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی کردییەوە، بە یەکەمین ناوەند دادەنرێت لە ناو کامپێکی پەنابەراندا و هەوڵ دەدات پڕۆسەی پێدانی ڤاکسینەکە بە دانیشتوانی کامپەکە خێراتر بکات."

وتیشی " نزیکەی 2000 پەنابەری سوری لەم کامپەدا ناوی خۆیان تۆمارکردووە تاوەکو ڤاکسینەکەیان پێبدرێت." ئەوەشی خستەڕوو 1200 کەسیان مەرجەکانی قۆناغی یەکەمی پێدانی ڤاکسینەکەیان تێدایە.

بەپێی وتەبێژەکە " ڕۆژی دووشەممە 52 پەنابەر ڤاکسینەکە وەردەگرن و ڕۆژی سێشەممە 44 پەنابەری دیکە وەریدەگرن."

وتیشی " پێشتر 164 پەنابەری سوری ناو کامپی زەعتەری لە ناوەندێکی تەندروستی لە دەرەوەی کامپەکە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە."

لە ئێستادا ئەردەن 663 هەزار پەنابەری سوری لەخۆگرتووە کە ناویان لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراوە. ئەردەن دەڵێت تێچووی میوانداریکردنی ئەو پەنابەرانە 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG