Accessibility links

ئەمەریکا دەستیکرد بە ناردنی چەک بۆ کوردەکانی سوریا


دوو کاربەدەستی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتیان ئەمەریکا دەستیکردووە بە دابینکردنی پێداویستی و چەک بۆ کوردەکانی ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە کۆمەڵێکی گرنگ دادەنرێن لە شەڕی دژ بە داعشدا.

بەپێی کاربەدەستێک لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ئەمەریکا دەستیکردووە بە ناردنی پێداویستی و چەک.

کاربەدەستەکە باسی لەوە نەکرد کە ئەمەریکا بەدیاریکراوی چی دەنێرێت بۆ کوردەکانی سوریا کە بە یەپەگە ناسراون و هەروەها باسی لە چۆنێتی گەیاندنی پێداویستی و چەکەکانی نەکرد.

لەماوەی ڕابردوودا سوپای ئەمەریکا وتبووی چەک و پێداویستی دابین دەکات بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەو پێداویستیانەش چەک و قەڵغان و ڕادیۆ و بوڵدۆزەر و ئوتومبێل و هەروەها پێداویستی ئەندازیاریشی تێدایە.

پێشتر پێنتاگۆن وتبووی باوەڕی وایە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشێکی گرنگن لە هەوڵەکان بۆ گرتنەوەی ڕەققە کە شارێکی سوریایە و لە ساڵی 2014 ەوە لەژێر دەستی داعشدایە.

دانا وایتی وتەبێژی پێنتاگۆن پێشتر لەم مانگەدا لە بەیاننامەیەکدا وتی " هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ یارمەتی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیماناندا تاکە هێزن کە بتوانن لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕەققە بگرنەوە."

شایەنی باسە سەرۆک دانۆڵد ترامپ پێشتر لەم مانگەدا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا کۆبوونەوە و باسیان لە پلانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ کرد سەبارەت بە پڕچەککردنی هێزە کوردیەکانی سوریا. ئەم جووڵەیەش ئەنقەرە نیگەران دەکات.

XS
SM
MD
LG