Accessibility links

یەکینەکانی پاراستنی گەل داوای یارمەتی لە سوپای سوریا دەکەن لە دژی هێرشەکانی تورکیا


یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد " یەپەگە " وتی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە بەرەکانی پێشەوە بڵاوبوونەتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تورکیا بەڵام پێویستە پشتیوانی لە سوپای سوریا خۆیەوە بەدەست بهێنین.

یەکینەکانی پاراستنی گەل دواتر وتی دەست بەرداری کۆمەڵێک گەڕەک بووە لە حەلەب بۆ حکومەتی سوریا.

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل نوری مەحمود وتی " هێزەکانی سەر بە سوپای سوریا هاتوون بۆ عەفرین، بەڵام بە ڕێژەیەک نا کە بتوانن داگیرکارییەکەی تورکیا بوەستێنن." وتیشی " دەبێت سوپای سوریا ئەرکی خۆی بەجێ بهێنێت، ئێمە پێمان وایە دەبێت سوپای سوریا سنوورەکانی خۆی بپارێزێت."

یەکینەکانی پاراستنی گەل داوایان لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کرد هێز بنێرێت بۆ عەفرین و هێزەکانی سەر بە سوپای سوریا ئێوارەی سێشەممە گەیشتنە ئەوێ.

مەحمود وتی سەدان چەکداری ئەو هێزە لە بەرەکانی پێشەوەی عەفرین بڵاوبوونەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی تورکیا.

بەڵام بەشار ئەسەد هێشتا سوپاکەی نەناردووە کە ئەوەش ئەگەر ڕووبدات دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتری ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیادا.

لەمدواییانەدا ئەنقەرە و سەرکردەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا و بەرپرسانی کوردی وتیان ڕوسیا وای کردووە دیمەشق هێزی بەرگری نەنێرێت بۆ عەفرین دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبۆوە هێزە کوردیی و سورییەکان گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک.

سەرەڕای ئەوەی ڕوسیا بەهێزترین هاوپەیمانی ئەسەدە لەم جەنگەدا بەڵام لەگەڵ تورکیاشدا کار دەکات کە پشتیوانی لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەکات، ئەوەش لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی فراوانتر بۆ ناکۆکییەکان.

جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا بەکر بۆزداج وتی پێی وایە هیچ ڕێکەوتنێک نیە لەنێوان حکومەتی سوریا و یەکینەکانی پاراستنی گەلدا.

بۆزداج لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی " زانیاریمان هەیە کە ئەوان نەگەیشتوون بە هیچ ڕێکەوتنێک."

سەرکردەی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل وتی دوای ئەوەی هێزەکانمان لەو گەڕەکانەی حەلەب کشانەوە بۆ عەفرین حکومەتی سوریا کۆنتڕۆڵی ئەو گەڕەکانەی کردەوە.

فوڕات خەلیلی سەرکردەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە حەلەب بە ڕۆیتەرزی وت " ئێمە وەکو یەکینەکانی پاراستنی گەل لە حەلەب بەرەو عەفرین ڕۆیشتین، بۆیە ئەو گەڕەکانەی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب کەوتنەوە دەست ڕژێمی سوریا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG