Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: هیچ ئاگاداری لێدوانەکانی ئەردۆگان نین


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆبەرت مانینگ وتی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا گوێبیستی لێدوانەکانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بوون و بڕیاریانداوە لێدوانی لەسەر نەدەن، لەبەر ئەوەی ئاگداری ئەو لێدوانانەی ئەردۆگان نین کە لە زاری سەرۆک ترامپەوە بڵاویکردۆتەوە کە تیایدا باس لە هەڵوێستی سەرۆک ترامپ دەکات سەبارەت بە پلانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر هێزە کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

مانینگ جەختی لەوە کردەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا زۆر نیگەرانە سەبارەت بەوەی کە ئەگەر بەرپرسانی سەربازیی تورکیا بڕیار بدەن هێرش بکەنە سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی تورکیا لە هەر ساتێکدا بێت ئەرکێکی سەربازیی نوێ لە سوریا دەست پێدەکات و وتیشی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە ئەرێنی وەڵامی پلانەکانی تورکیای داوەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لە سوریا.

ئەنکەرە پێی وایە یەکینەکان ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بن. بەڵام ئەمەریکا پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد دەکات و هەوڵدەدات بەدووریان بگرێت لە هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە سوریادا.

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد ، بە ماوەیەکی کەم وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ناڕاستەوخۆیی وەڵامی هەڕەشەکانی تورکیای دایەوە و وتی هەر ئەرکێکی سەربازیی لەو جۆرە جێی قبوڵکردن نیە.

شان ڕۆبەرتسن گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هەر کردارێکی لەشکری تاک لایەنە لە لایەن هەر چ لایەنێکەوە ئەنجام بدرێت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەتی کە ڕەنگە سەربازانی ئەمەریکایی لێبن یان لەو نزیکانە بن، جێی نیگەرانی زۆرە، بۆیە هەر کردارێکی لەو جۆرە جێی قبوڵکردن نیـیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG