Accessibility links

ئێزدییەکان دوای 10 ساڵ لە ‌هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکەیان، هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکی پارێزراو دەدەن


کاتێک ڕێحان ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ ناو ماڵ و خێزانەکەی بۆ شوێنی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان، دڵنیابوو لەوەی کە بۆ هەمیشە گەڕاوەتەوە.

لە ماوەی چەندین ساڵی دەستبەسەریدا ئاواتی ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ شنگال.

چەکدارانی داعش ڕێحانییان ڕفاند کە لەو کاتەدا نەوجەوان بوو لە کاتێکدا کە هێرشییان کردە سەر شنگال لە عێراق، دەیان هەزاران کەسییان لە ئایینی کەمینەی ئێزیدی کوشت و بە کۆیلەیان کردن.

لە کاتێکدا کە چەکدارانی داعش ڕێحانییان لە عێراقەوە گواستەوە بۆ سوریا، ڕێحان دەستی بەوەوە گرتبوو کە ماڵ بۆ ئەو چی دەگەیەنێت: منداڵییەکی پڕ لە پێکەنین، کۆمەڵگەیەکی ئەوەندە نزیک کە ماڵی دراوسێکەت وەکو ئەوە وابووە کە ماڵی خۆت بێت. دوای ئەوەی کە گواستیانەوە بۆ تورکیا، دواجار توانی تەلەفونێکی دەست بکەوێت و پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات و پلانی ڕزگارکردنی دابنێت.

ڕێحانی تەمەن 24 ساڵ بە ماوەیەکی کورت دوای گەڕانەوەی بۆ گوندەکەی خۆی ' هەردان ' ساڵی ڕابردوو بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت " چۆن دەتوانم جارێکی تر بەجێی بهێڵمەوە؟"

بەڵام بە خێرایی هەست بە دۆخە ڕاستەقینەکە دەکات.

ئەو خانووەی کە تێیدا دەژی و خانووی براکەی یەکێکن لەو خانووە کەمانەی گوندەکەی کە هێشتا نەڕووخاون. قوتابخانەیەکی نزیک خانووەکەشی خێزانە ئاوارەکانی تێدایە.

باوک و خوشکە بچووکەکەی هێشتا بێسەروشوێنن. لە گۆڕستانێکی گوندەکە، سێ لە براکانی لەگەڵ 13 کوڕ و پیاوی دیکە نێژراون، کە سەرجەمییان لەلایەن داعشەوە کوژراون.

ڕێحان هەر جارێک کاری هەبێت لە شارۆچکەکەی تەنیشتیان، لە ڕێگادا سەردانی گۆڕستانەکەش دەکات.

دە ساڵ دوای هێرشەکەی داعش، ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزیدی گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە شنگال. بەڵام سەرەڕای گرنگییە گەورەکەی شوێن و ئایینەکەیان، زۆرێکییان هیچ داهاتوویەکی تێدا نابینن.

هیچ پارەیەک نیە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی خانووەکان. ژێرخانەکە هێشتا لە وێرانەدایە. چەندین گروپی چەکداریی لە ناوچەکەدا هەن.

هەروەها دیمەنی ناوچەکەش پڕە لە یادەوەریی ترسناک. لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 دا، چەکدارانی داعش هەڵیانکوتایە سەر شنگال، سووربوون لەسەر سڕینەوەی گروپە ئایینییە کەمینەکە، کوڕ و پیاوانییان کوشت، ژنەکانیشیان دەفرۆشتە ناو کۆیلایەتی سێکسی یاخود ناچارییان دەکردن ئایینەکەیان بگۆڕن بە ئیسلام و هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارەکاندا بکەن، ئەوانەی توانییان هەڵاتن.

ئێستا چەندین ساڵ تێپەڕیوە بەسەر شکستهێنان بە داعشدا. بەڵام تاوەکو مانگی چواری ساڵی 2024 ، تەنها لە سەدا 43 ی زیاتر لە 300,000 ئاوارەکەی شنگال گەڕاونەتەوە، ئەمەش بەپێی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی.

هەندێک دەترسن لەوەی ئەگەر ئێزیدییەکان نەگەڕێنەوە، ڕەنگە کۆمەڵگەکە ناسنامەکەی خۆی لە دەست بدات.

هادی بابەشێخی برا و بەڕێوبەری ئۆفیسی سەرکردەی ڕۆحانی کۆچکردووی ئێزدییەکان وتی " بەبێ شنگال، یەزیدیبوون وەکو نەخۆشێکی شێرپەنجە وایە کە خەریکە دەمرێت."

شنگال کە شوێنەکەی ستراتیژییە و دەکەوێتە گۆشەیەکی دوورەدەستی باکووری ڕۆژئاوای عێراق لە نزیک سنووری سوریا، چەندین سەدەیە ماڵی ئێزیدییەکان بووە.

چیاکانی شنگال لە زەوییە تەختەکەیەوە سەرهەڵدەدەن، زنجیرەیەکی تەسک و درێژە و بۆ ئێزیدییەکان پیرۆزە. ئەفسانەکان دەڵێن کەشتییەکەی نوح دوای ئەوەی لافاو بردوویەتی لەسەر ئەو چیایە وەستاوەتەوە. ئێزیدییەکان کاتێک لە دەست داعش هەڵدەهاتن دەچوون بۆ بەرزاییەکانی چیاکە، وەکو چۆن لە هێرشەکانی پێشووتردا بۆ سەرییان هەڵاتوون بۆی.

لە شنگال لە ناوەڕاستی شارۆچکەکەدا سەربازەکان لەبەردەم دووکانە بچووکەکانی سەر شەقامە سەرەکییەکەدا دانیشتوون. بازاڕێکی ئاژەڵداری کڕیار و فرۆشیار لە گوندەکانی دراوسێ و دەرەوەش بەلای خۆیدا دەهێنێت، هەندێک لە کرێکارانی ئاوەدانکردنەوە لە نێو کۆڵەکی بلۆکی سیندەردا کاردەکەن.

بەڵام لە ناوچەکانی دەوروبەریدا نیشانەی وێرانکاری و خانووە ڕووخاوەکان و بەنزینخانە جێهێڵدراوەکان هێشتا لە هەموو شوێنێکدا ماونەتەوە، تۆڕەکانی ئاو و ناوەندەکانی تەندروستی و تەنانەت مەزارگە ئایینییەکانیش دروست نەکراونەتەوە. هێشتا زۆربەی شنگال کە زۆربەی دانیشتوانەکەی موسوڵمانی سوننەن بە داروپەردوو ماوەتەوە.

حکومەتی ناوەند لە بەغداد و بەرپرسان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر شنگال ناکۆکن. ئەو ناکۆکییەش ئێستا لە مشتومڕێکدا سەبارەت بە کامپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە کە میوانداری زۆرێک لەوانەیان کردووە کە لە شنگال هەڵاتوون.

پێشتر لەم ساڵدا بەغداد فەرمانیکرد کامپەکان تاوەکو 30 ی مانگی حەوت دابخرێن و ڕاشیگەیاند بڕی 4 ملیۆن دیناری عێراقی دەدات بەو ئاوارانەی کە کامپەکان جێدەهێڵن.

جێگری وەزیری کاروباری ئاوارەکان کەریم ئەلنوری لەم مانگەدا وتی قورساییەکان لە گەڕانەوە بۆ شنگال " نەماون." بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن " دانیشتوانی لە کامپەکان دەرناکەن."

خەیری بۆزانی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دەڵێت " شنگال گونجاو نیە بۆ ژیانی مرۆڤ. حکومەت دەبووایە خەڵکەکەی لە شوێنێکی خراپەوە بگواستایەوە بۆ شوێنێکی باش، نەک بە پێچەوانەوە."

خودەیدە موڕاد ئیسماعیل ڕەتی دەکاتەوە کامپەکە لە دهۆک جێبهێڵێت، لەوێ دوکانێکی هەیە. جێهێشتنی کامپەکە واتا لە دەستدانی بژێوی ژیانی، هەروەها ئەو پارەیەش کە پێی دەدرێت بۆ جێهێشتنی کامپەکە بەشی دووبارە دروستکردنەوەی خانووەکەی ناکات. ئەگەر کامپەکە دابخرێت، دەڵێت لە دهۆک دەمێنێتەوە و بۆ کارێکی دیکە دەگەڕێت.

بەڵام هەندێکیان دەگەڕێنەوە. لە 24 ی مانگی شەشدا خێزانەکەی بەرەکەت خەلیل کە نۆ سەر خێزانن دهۆکییان جێهێشت کە ماوەی نزیکەی 10 ساڵ تێیدا ژیابوون.

ئێستا لە خانوویەکی بچووکی کرێدا دەژین لە شنگال. دەرگا و پەنجەرە شکاوەکانییان چاک کردووە و وردە وردە کەلوپەلی تێدەکەن. خانووە کۆنەکەیان لە گوندێکی ئەو نزیکانە وێران بووە.

بەرەکەت وتی " بۆ دوو مانگ تێیدا بووین و دواتر وتییان چەکدارانی داعش هاتوون و تەقاندوویانەتەوە."

هەیفا بەرەکەتی خوشکی خەلیل بەرەکەت وتی " ئێستا بە تەواوەتی ژیانێکی نوێیە، کەس لێرە ناناسین." هەیفا تەنها ئەندامی خێزانەکەیە کە لە ئێستادا کاردەکات.

سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە شنگال ژیان دەگوزەرێت، هەیفا نیگەرانی ئاسایشە.

بەشە جیاوازەکانی شنگال لەلایەن سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەوە پاسەوانی دەکرێن، چەندین گروپی چەکداری دیکەش هاتوون کە کاتی خۆی هاتوون بۆ شەڕکردن دژی داعش و ئێستا ماونەتەوە.

یەکێک لەو گروپە دیارانە یەکەی بەرخۆدانی شنگالە، گروپێکی ئێزیدییە و بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی.

تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر گروپەکە چونکە دەڵێت سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە.

بوونی گروپە چەکدارییەکان هەندێک جار هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەیان ئاڵۆز کردووە. لە ساڵی 2022 دا قوتابخانەیەکی زیانلێکەوتوو لە شنگال لەلایەن ڕێکخراوێکی ناحکومی ژاپۆنییەوە نۆژەن دەکرایەوە. بەڵام بەرپرسانی ژاپۆن وتییان گروپێکی چەکداریی قوتابخانەکەی گرتووە.

لەم مانگەدا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دواجار یەک سەرۆکی شارەوانی بۆ شنگال دەستنیشان کرد، بەڵام ناکۆکییەکان پشتڕاستکردنەوەکەیان دواخستووە.

سەیدۆ ئەل ئەحمەدی کە دەبێت ببێتە سەرۆکی شارەوانی وتی هیوادارە بتوانێت خزمەتگوزارییەکان بگەڕێنێتەوە تاوەکو ئاوارەی زیاتر بگەڕێنەوە.

بەڵام زۆرێک لەوانەی کە گەڕاونەتەوە دەڵێن بیر لەوە دەکەنەوە جارێکی دیکە شنگال جێبهێڵنەوە.

ڕێحان ئیسماعیل کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ئاواتەوە بوو بگەڕێتەوە بۆ شنگال، ئێستا دەیەوێت لە شنگال بێتە دەرەوە.

وتی " ناتوانیت لە یادی بکەیت. بەڵام هیچ نەبێت پێویست ناکات هەر کاتێک دێیت و دەڕۆیت گوندەکەت بەم وێرانبووییە ببینیت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG