Accessibility links

بەرنامەی خۆراکی جیهانی: یارمەتیە خۆراکییەکان بۆ یەمەن لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حوثییەکاندا دەدزرێن


بەرنامەی خۆراکی جیهانی وتی ئەو یارمەتیە خۆراکییانەی کە تایبەتن بە یەمەنییەکان لە هەندێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوثییەکاندا دەدزرێن و دەفرۆشرێن.

جێی ئاماژەیە حوثییەکانی یەمەن زۆربەی شار و شارۆچکەکانی یەمەنیان لەژێر دەسەڵاتدایە بە سەنعای پایتەختیشەوە، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتەکەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسوڕ هادیان یان لە ساڵی 2014 دا ڕووخاند. لە ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە چووە ناو جەنگی یەمەنەوە بەمەبەستی ئەوەی حکومەتەکەی هادی بگەڕێننەوە بۆ سەر دەسەڵات.

دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە هات کە یارمەتیە خۆراکییەکان لە بازاڕی کراوەدا لە سەنعا دەفرۆشرێن، بەرنامەی خۆراکی جیهانی وتی زۆر کەسیان بینیوە کە خۆراکەکانیان بەدەست نەگەیشتووە و ڕێکخراوێک هەیە کە سەر بە وەزارەتی خوێندنی حوثییەکانە خەریکی فێڵکردنە.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەیڤد بێزلی وتی " ئەمە دزینی خۆراکە لە دەمی برسییەکان. لەکاتێکدا کە منداڵان لە یەمەن لە برسا دەمرن، ئەمەش شتێکی زۆر نابەجێیە. دەبێت بەزووترین کات ئەم تاوانە ڕابگیردرێت."

لە ڕاپۆرتێکی ئەمساڵدا هاتووە دەڵێت جەنگی یەمەن و ڕووخانی ئابووری وڵاتەکە لە سەدا 53 ی دانیشتوانی یەمەنی توشی بەدخۆراکییەکی توند کردۆتەوە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی هەوڵدەدات خۆراک بۆ نزیکەی 12 ملیۆن کەس دابین بکات کە ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

هەروەها وتیشی چاودێرەکان وێنەیان کۆکردۆتەوە کە بەڵگەن لەسەر گواستنەوەی خۆراکەکان بەشێوەکەی نایاسایی و بەرپرسە ناوخۆییەکانیش ئەو کەسانە هەڵدەبژێرن خواردنیان بدەنێ کە خۆیان دەیانەوێت.

لە بەیاننامەکەی بەرنامەی خۆراکی جیهاندا هاتووە دەڵێت " ئاشکرا بووە کە هەندێک لەو خۆراکانە دەدرێن بە کەسانێک کە شایەنی نین و هەندێکیان دەفرۆشرێن."

بێزلی وتیشی داوا لە بەرپرسانی حوثییەکان دەکات ئەو کارە ڕابگرن و دڵنیاببنەوە لەوەی ئەو خۆراکانە بدرێن بەو کەسانەی کە پێویستیانە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG