Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ پشتیوانیکردنی ڕێکەوتنی یەمەن سەبارەت بە حودەیدە


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بیر لە پڕۆژە یاسایەک دەکاتەوە تیایدا داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش دەکات هەتا کۆتایی ئەم مانگە پێشنیار بکات لەسەر چۆنێتی چاودێریکردنی ئاگربەستەکەی حودەیدە کە هەردوولای جەنگی یەمەن لە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەندا لە سوید ڕێکەوتن لەسەری.

حوثییەکانی یەمەن و حکومەتەکەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەب مەنسور هادی کە لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی لێدەکرێت لە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەندا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوید ڕێکەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ لە حودەیدە و کشاندنەوەی هەموو هێزەکان لە شارەکەدا و دانانی بەڕێوبەرایەتییەکی کاتی سەربەخۆ بۆ شاری حودەیدە و بەندەرەکان کە تیایدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت.

ڕۆژی دووشەممە بەڕیتانیا پڕۆژە یاساکەی بەسەر ئەنجومەنەکەدا دابەش کرد. بەڵام ڕوون نیە کەی دەنگدانی لەسەر دەکرێت. بڕیارەکە پێویستی بە نۆ دەنگی بەڵێ هەیە بۆ پەسەندکردنی بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ کام لە وڵاتانەی ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و چین و ڕوسیا مافی ڤیتۆ دژ بە پڕۆژە یاساکە بەکاربهێنن.

لە ڕەشنووسەکەدا داوا لە گۆتیرێش کراوە پێشنیار بکات لەسەر چۆنێتی پشتیوانیکردنی ڕێکەوتنەکەی ستۆکهۆڵم لەسەر داوای هەردوولا، بۆ نموونە نابێت هیچ ئابڵۆقەدانێک بمێنێت، ئەرکی چاودێریکردنی ئاگربەستەکە و گواستنەوەی هێزەکانی هەردوولای جەنگی یەمەن لە شاری حودەیدە و بەندەری حودەیدە و سەڵیف و ڕاس عیسا بۆ دەرەوەی ئەو ناوچانە.

هەروەها لە ڕەشنووسەکدا هاتووە دەبێت بزانرێت چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پشتیوانیکردنی دامودەزگاکانی بەندەرەکانی دەریای سووری یەمەنی و بەڕێوەبردنی بەندەرەکانی حودەیدە و سەڵیف و ڕاس عیسا و پشکنینیان، هەروەها چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان بوونی خۆی لەو ناوچانەدا پتەو دەکات.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت پێویستە سیستمێکی چاودێری بەهێز هەبێت لە حودەیدە بۆ سەرپەرشتیکردن. وتیشی جەنەڕاڵی خانەنشینی هۆڵەندی پاتریک کامێرت ڕابەرایەتی ئەرکی چاودێریکردنەکە دەکات.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان سیتڤان دوجاریک بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەرکی چاودێرییەکە بە ڕابەرایەتی کامێرت دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی گریفیثەوە، وتیشی کارەکان لەسەر وردەکاری لۆجیستیکی و ئاسایش بەردەوامن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG