Accessibility links

دەیان کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی سعودیەوە بۆ سەر یەمەن کوژران


بەرپرسێکی کەرتی تەندروستی یەمەن و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور وتیان هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە بۆ سەر پارێزگای سەعەدە لە یەمەن دەیان کەسی کوشتووە، لە نێو کوژراوەکاندا منداڵییان تێدایە.

هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرێت و لەدژی حوثییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە یەمەن دەجەنگێت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتییەکە شوێنی هاویشتنی موشەکەکانی حوثییەکانی کردۆتە ئامانج کە لەو شوێنانەوە حوثییەکان موشەکیان بە ئاڕاستەی شاری جازانی باشووری سعودیە هاویشتووە.

هەروەها هاوپەیمانێتییەکە حوثییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی منداڵ وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن و وتی ئەو هێرشانەی ئەنجامدراون لەگەڵ یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا یەک دەگرنەوە.

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور وتی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا پاسێک بەرکەوتووە کە منداڵی تێدابووە لە بازاڕی زەحیان لە باکووری سەعەدەی یەمەن.

خاچی سوور لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی تیمە تەندروستیەکەی لە سەعەدە لاشەی 29 منداڵیان بۆ هاتووە کە هەموویان تەمەنیان لە پانزە ساڵ کەمترە. نەخۆشخانەکەش 48 برینداریان وەرگرتووە کە 30 منداڵیان تێدابووە.

ئەمەش ژمارەی قوربانیان بوون تەنها لە یەک نەخۆشخانەدا.

کارمەندی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی لە سەعەدە عەبدولغەنی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز وتی " ئەمڕۆ پاسێک بەرکەوتووە کە منداڵی تێدابووە، ئەوەش بۆتە هۆی شەهیدبوونی 43 کەس و نزیکەی 63 بریندار."

سەرۆکی شاندی خاچی سوور لە یەمەن یۆهانس براوەر وتی " دەیان کوژرا و ژمارەیەکی زیاتر بریندار هەن کە زۆربەیان خوار تەمەن 10 ساڵن."

هێشتا ڕوون نیە چەند منداڵ کوژراون و چەند هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە لە ناوچەی سەعەدەی باکووری یەمەن نزیک سنووری یەمەن لەگەڵ سعودیەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG