Accessibility links

سەرچاوەکان: هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە ڕێگە بە چوار کەشتی سوتەمەنی دەدات بچنە ناو بەندەری حودەیدەوە


دوو سەرچاوەی نزیک لە هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیەوە وتیان ڕێگە دەدرێت چوار کەشتی سوتەمەنی لە بەندەری حودەیدەی یەمەن لەنگەر بگرن، ئەوەش دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن وتیان پێشنیارەکەی سعودیە بۆ وەستاندنی شەڕ پەسەند ناکەن تاوەکو گەمارۆ ئاسمانی و دەریاییەکان لەسەریان لانەبرێت.

دوو سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوەدا هاوپەیمانێتیەکە مۆڵەتی داوە بەو چوار کەشتیە کە دووانیان 45 هەزار تەن زەیتی غاز و یەکێکی تریان 5000 تەن گازی پیتڕۆڵ و ئەوی تریان 22,700 تەن زەیتی سوتەمەنیان هەڵگرتووە بچنە ناو بەندەری حودەیدەوە.

تاوەکو بەیانی ڕۆژی چوارشەممە هیچ کام لەو چوار کەشتیە بەرەو بەندەری حودەیدە نەجوڵاون، بەندەرەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانی یەمەندایە کە هاوپەیمانی ئێرانن و دژی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەجەنگن.

وەزارەتی دەرەوەی یەمەن وتی مۆڵەتی بە کۆمەڵێک کەشتی سوتەمەنی داوە بچنە ناو حودەیدەوە، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی ئەو قەیرانە مرۆییەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە بۆتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

گەورە دانوستکاری حوسییەکان محەمەد عەبدولسەلام وتی " گەلەکەمان لەڕووی یاسایی و مرۆیشەوە شایستەی ئەوەیە نەوت و خۆراک و کەلوپەلی تەندروستی و کەلوپەلە سەرەکییەکانی بەدەست بگات، قبوڵی ناکەین ئەو شتانەی دێت بە مەرجی سیاسی یاخود سەربازی بگۆڕدرێتەوە پێمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG