Accessibility links

هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەست دەکاتەوە بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حودەیدەی یەمەن


هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە ڕۆژی دووشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بەندەری سەرەکی حودەیدەی یەمەنی دەست پێکردەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ فشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕیاز لەپێناو کۆتایی هێنان بە جەنگی یەمەن کە بۆتە هۆی کەوتنەوەی هەژاری و برسێتی و ڕووخانی باری ئابووری لە وڵاتەکەدا.

دانیشتوانی ناوچەکە وتیان هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە دژی حوثییەکانی سەر بە ئێران دوای دوانزە کاتژمێر وەستان و شەڕ و پێکدادانەکانی سەر شەقامەکان کەمتربوونەوە کە ببوە هۆی ڕاگرتنی جموجۆڵی هاوڵاتیانی مەدەنی و نەخۆشخانەکانی خستبووە مەترسییەوە.

دانیشتوان و ڕێکخراوەکان وتیان ڕۆژی دووشەممە هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەستی کردەوە بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کۆمەڵێک ناوچە لە پارێزگای حودەیدە. هەروەها شایەتحاڵان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حوثییەکان وتیان فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر دەروازەی بەندەری حودەیدە و لە ئەنجامدا سێ پاسەوان کوژراون.

کەمبوونەوەی پێکدادانەکان بۆ ماوەیەکی کورت هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت بۆ سعودیە بە ئامانجی فشار خستنە سەر سعودیە تاوەکو کۆتایی بە جەنگی یەمەن بهێنێت کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە و بۆتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس.

وتەبێژی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە عەقید ڕوکن تورکی مالکی وتی ئۆپەراسیۆنی حودەیدە بەردەوامە.

مالکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئۆپەراسیۆنی حودەیدە بەردەوامە و ڕاستیش نیە هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا بێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG