Accessibility links

ڕۆژی پێنجشەممە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن لە سوید دەست پێدەکات


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث

شاندی حکومەتی یەمەن ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە سوید بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەنی لەگەڵ حوثییەکاندا کە هاوپەیمانی ئێرانن، ئەمەش لە هەوڵێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی یەمەن کە وڵاتەکەی ڕووبەڕووی برسێتی و هەژاری کردۆتەوە.

سەرچاوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی بەدووری دەزانێت هەردوولا ڕاستەوخۆ چاویان بەیەکتر بکەوێت لە دانوستانەکاندا، وتیشی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریڤیث لەگەڵ هەردوولادا بەجیا گفتوگۆ دەکات. ئەم کۆبوونەوانەش یەکەمین کۆبوونەوە دەبن لە دوای ساڵی 2016 ەوە.

یەکێک لە ئەندامانی شاندی حکومەتی یەمەن عەبدوڵ عەلیمی لە تویتێکدا نوسیویەتی " دانوستانەکان هەلێكی ڕاستەقینەن بۆ بەدەستخستنی ئاشتی."

هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە لەدژی حوثییەکان دەجەنگن لە یەمەن بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسور هادی بۆ سەر کورسی دەسەڵات، هاوپەیمانێتیەکەش بە هەمان شێوە دەیەوێت کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت.

جێی ئاماژەیە وڵاتانی ڕۆژئاوا فشارێکی زۆریان کردۆتە سەر سعودیە و ئیماڕات تاوەکو ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی یەمەن کە بۆتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران هاوڵاتی و نزیکەی هەشت ملیۆن هاوڵاتی توشی برسێتی کردووە.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث توانیویەتی متمانەیەک دروست بکات لەنێوان لایەنەکانی شەڕدا و هەروەها وایکرد کە حوثییەکان بتوانن بریندارەکانیان ببەنەوە، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی ڕازییان بکات ئامادەی دانوستانەکانی سوید ببن.

شاندی حوثییەکان ڕۆژی سێشەممە گەیشتە سوید، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە دوایین خولی دانوستانەکاندا لە جنێڤ بەشداریان نەکرد.

گریفیث هەوڵدەدات بگات بە ڕێکەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەخت و گۆڕینەوەی زیندانییەکان و هەروەها ڕێکەوتنێکی ئاگربەست لە شاری حودەیدە کە لەژێر دەسەڵاتی حوثییەکاندایە. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئاگربەستەکە فراوانتر ببێت و هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی بۆ سەر یەمەن و هێرشە موشەکییەکانی حوثییەکان بۆ سەر شارەکانی سعودیە بوەستن.

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات حودەیدە بپارێزێت لە هێرشێکی بەرفراوانی هاوپەیمانێتیەکە بۆ سەر ناوچەکە چونکە حودەیدە خاڵی سەرەکییە بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو یەمەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG