Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری کشانەوەی هەردوو لایەنی جەنگی یەمەن دەکات لە حودەیدە


وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت وۆڵسترۆم و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث لە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن لە سوید

سەرچاوەکان وتیان نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیارێکی پێشکەشی هێزە چەکدارەکانی هەردوو لایەنی جەنگی یەمەن کردووە و تیایدا داوایان لێدەکات هەردوولا لە شاری حودەیدە بکشێنەوە و بەڕێوبەرایەتییەکی کاتی دابمەزرێنن بۆ شارەکە.

پێشنیارەکە هێشتا لە گفتوگۆدایە لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و حوثییەکانی یەمەن و حکومەتی یەمەن لە دانوستانەکانی ئاشتی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوید.

سەرچاوەکانی نزیک لە دانوستانەکانەوە دەڵێن لە پێشنیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش یاخود لایەنێکی سەربەخۆ کراوە بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە و بەندەرەکە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەگەر هەردوولا ڕازیبن لە شارەکە بکشێنەوە و بتوانرێت چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شارەکەدا بڵاوبکرێنەوە. ئەگەر هاتوو ڕازی ببن بە کشانەوە لە حودەیدە، ئەوا شارەکە و ژیانی هەزاران هاوڵاتی ڕزگار دەکەن لە ئەگەری هێرشێکی بەرفراوانی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە بۆ سەر شارەکە کە دەروازەی سەرەکی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ هاوڵاتیانی یەمەن.

جێی ئاماژەیە لە دەستپێکی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەندا لە سوید، هەردوولا لایەنی جەنگی یەمەن، حوثییەکانی سەر بە ئێران و حکومەتی یەمەن ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی هەزاران دیلی یەکتر بگۆڕنەوە، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث پێی وایە ئەم هەنگاوە هەنگاوێكی باشە بۆ دانوستانەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG