Accessibility links

پێدەچێت کوەیت میوانداری خولی نوێی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن بکات


بەرپرسێکی کوەیتی وتی پێدەچێت وڵاتەکەی میوانداری خولێکی نوێی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەنی بکات لە نێوان لایەنەکانی جەنگی یەمەندا، بەڵام هیچ بەروارێکی بۆ ئەوە دیاری نەکرد.

لە ساڵی 2016 دا کوەیت میوانداری دانوستانێکی یەمەنی کرد کە ماوەیەکی زۆری خایاند، بەڵام لە دەرەنجامدا لایەنەکان نەگەیشتن بە هیچ چارەسەرێک کە کۆتایی بە ململانێکانی یەمەن بهێنێت.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کوەیت بۆ کاروباری نیشتیمانی عەرەبی فەهد ئەلعوەزی وتی کوەیت ڕۆڵێکی هەبووە لە ئاسانکردنی دوایین دانوستانەکانی یەمەندا، ئەمەش لەڕێی گواستنەوەی شاندی حوثییەکان بۆ بنکەی دانوستانەکان.

وتیشی " خولێکی نوێی دانوستانەکانی یەمەن دەبێت کە پێدەچێت لە کوەیت بەڕێوەبچێت و هیوادارین لە ئەنجامدا ڕێکەوتنێک واژۆ بکەین کۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت."

ئەلعوەزی وتیشی " دیاریکردنی بەرواری ئەو دانوستانە بەند دەبێت بە ڕەوشی یەمەن و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە دانوستانەکانی سویددا واژۆیان کردووە."

وەزیری دەرەوەی کوەیت شێخ سەباح خالید حەمەد سەباح لە مانگی دوانزەدا وتی وڵاتەکەی ئامادەیە میوانداری ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێکەوتنێک بکات کە کۆتایی بە جەنگی یەمەن بهێنێت، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر لایەنەکانی جەنگی یەمەن ڕێکبکەون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG