Accessibility links

سەرچاوەیەک و ڕێکخراوێکی ناحکومی یەمەن: حوسییەکان کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکانییان دەستبەسەرکردووە


سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی و ڕێکخراوێکی ناحکومی یەمەنی بڵاوییان کردەوە حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت زیاتر لە دەرزەنێک کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکانییان دەستگیرکردووە، بە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە.

ڕێکخراوی مایونی مافەکانی مرۆڤی یەمەن وتی لانیکەم 18 کارمەندی مرۆیی یەمەنی لە چوار ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندا ڕفێندراون، وتیشی 10 کارمەندییان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوون.

سەرچاوەیەکی دیبلۆماتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت زیاتر لە یەک دەرزەن کارمەندی مرۆیی بە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە ڕفێندراون.

تاوەکو ئێستا حوسییەکان یاخود نەتەوە یەکگرتووەکانیش لێدوانییان لەو بارەیەوە نەداوە.

ڕفاندنی کارمەندەکان تیشک دەخاتە سەر ئەو دۆخە سەختەی کە ڕووبەڕووی کارمەندانی مرۆیی بووەتەوە لە یەمەن، کە شەڕی ناوخۆی درێژخایەنی ناو وڵاتەکە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی لە جیهاندا دروست کردووە.

ڕێکخراوی مایون وتی " گروپی چەکداریی حوسییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان و کارمەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیییەکانی دیکەیان ڕفاندووە کە لە چوار پارێزگای ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندا کارییان کردووە."

وتیشی ڕفاندنەکان لە سەنعای پایتەخت و شاری حودەیدە و عەمران و سەعدە بوون.

توێژەرەوەی یەمەن لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ نیکو جافارنیا بە فرانس پرێسی وت " کارەکانی حوسییەکان کارە مرۆییە گرنگەکەی ناو یەمەن دەخەنە مەترسییەوە لە کاتێکدا کە زۆرینەی خەڵکی یەمەن بە باشی دەستییان ناگات بە پێویستییە سەرەتاییەکانی وەکو خۆراک و ئاو."

چەندین کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکان لە ماوەی ململانێکەی ناو یەمەندا کوژراون یاخود ڕفێندراون، ئەوەش ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ناچار کردووە بۆ ماوەیەکی کاتی کارەکانییان لەو وڵاتەدا ڕابگرن، هەندێکیشییان کارمەندە نێودەوڵەتییەکانییان لە وڵاتەکەدا کشاندووەتەوە.

ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهان کارەکانی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە باکووری یەمەن ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی کارمەندێکییان لە سەنعای پایتەخت لە زینداندا گیانی لە دەستدا.

هەر لە ساڵی ڕابردوودا کارمەندێکی بەرنامەی خۆراکی جیهان لە شاری تەیزی باشووری یەمەن لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

لە مانگی نۆی ساڵی 2014 دا حوسییەکان کۆنتڕۆڵی سەنعای پایتەختییان کرد، ئەوەش وایکرد هاوپەیمانییەکی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە بێتە ناو شەڕەکەی یەمەنەوە و دژی حوسییەکان شەڕی کرد و پشتیوانی لە حکومەتە دانپێدنراوەکەی یەمەن کرد.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG