Accessibility links

هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە 1.5 ملیۆن دۆلار یارمەتی دەداتە یەمەن


هاوپەیمانی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە ڕایگەیاند 1.5 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی مرۆیی دەداتە یەمەن کە بەهۆی جەنگی ناوخۆی یەمەنەوە هاوڵاتیانی یەمەنی لە قەیرانێکی ترسناکی مرۆییدا دەژین.

جێی ئاماژەیە سعودیە پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دانی پێدانراوە لە دژی حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

هاوپەیمانێتیەکە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت و ئیماڕاتیشی تێدایە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پردێکی ئاسمانی و 17 ڕێڕەوی وشکانی پێک دەهێنێت بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان و هەروەها وزەی وەرگری بزوێنەرەکانی یەمەن زیاد دەکات بۆ وەرگرتنی باری یارمەتییە مرۆییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان.

عەقید تورکی مالیکی وتی هاوپەیمانێتییەکە پشتیوانی لە ئەرکێکی مرۆیی دەکات کە بە شێوەیەکی کارامە و بەهێز و وردەوە پلانی بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی یارمەتییە مرۆییەکان دەگەنە دەستی ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی و لە ناخۆشییەکانیان کەم بکاتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت یەمەن ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بۆتەوە لە جیهاندا لەکاتێکدا 8.3 ملیۆن هاوڵاتی بەتەواوەتی پشت دەبەستن بە یارمەتییە خۆراکییەکان کە لە دەرەوە بۆیان دێت و هەروەها 400 هەزار مناڵ بە نەخۆشی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

هاوپەیمانێتییەکە بڕی ملیۆنان دۆلاری داوە بە یەمەن بەڵام هێشتا جەنگ وایکردووە کە زیاتر لە نیوەی خەڵکەکە یارمەتییە خۆراکییەکانی پێ نەگات و وڵاتەکەی بردۆتە بەردەم لێواری برسێتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و دەفتیریا.

جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای لە سعودیە کرد بەخێرایی ڕێگە بدات بە گەیشتنی یارمەتی مرۆییەکان بۆ گەلی یەمەن و ئاماژەی بەوەدا کە واشنتن ئارامگرتنی نەماوە بەهۆی ئەم گەمارۆدانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG