وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا داوا دەکات ڕێگە بدرێت یارمەتییەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی بگەنە یەمەن و بەرزکەرەوەی نوێ دابنێن لە بەندەری حەدیدە کە گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەمەش لەنێوەندیی گرژییەکاندا کە بۆتە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 60 هەزار کەس لە یەمەن.
وەزارەتەکە وتی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جان سۆلیڤان لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا باسی لە قەیرانی یەمەن کردووە و جەختی لەوە کردۆتەوە کە واشنتن داوا دەکات دووبارە ڕێگە بدرێتەوە یارمەتییە مرۆیی و بازرگانییەکان بەشێوەیەکی تەواو بگەنە یەمەن.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت سۆلیڤان بە بەرپرسی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڕاگەیاندووە ئەمەریکا " داوا دەکات هەموو بارەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە تا ئێستا نەگەیشتۆتە بەندەری حەدیدە ڕێگە بدرێت بگەیەنرێنە یەمەن و بەرزکەرەوەی نوێ دابنێن لە بەندەرەکەدا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز