Accessibility links

خاچی سوور: ژمارەی توشبووان بە کۆلێرا لە یەمەن هەتا کۆتایی ساڵ دەگاتە یەک ملیۆن کەس


لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور وتی ڕەوشی مرۆیی لە یەمەن کارەساتە و ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی کۆلێرا هەتا کۆتایی ساڵ لەوانەیە بگاتە یەک ملیۆن کەس.

سەرۆکی نوێنەرانی خاچی سوور لە یەمەن ئەلیکساندەر ڤیت وتی لایەنەکان لە یەمەن هێزێکی زۆر بەکاردەهێنن و ئەوەش دەبێتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی. داوای لە لایەنەکانیش کرد ڕێگە بدەن بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا لەبەردەم گەشتە بازرگانییەکاندا کە پێداویستییەکان هەڵدەگرێت.

لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێف وتی ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی کۆلێرا هەتا ئێستا گەیشتۆتە 750 هەزار و ژمارەی مردووانیش گەیشتۆتە 2119 کەس. وتیشی " لەوانەیە هەتا کۆتایی ساڵ ژمارەکە ببێتە یەک ملیۆن توشبوو."

سەرچاوە/ رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG