Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە خراپیی ڕەوشی هاوڵاتیانی یەمەن هۆشیاری دەدات


ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن جیمی مکگۆڵدریک داوای لە هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە کرد بەپەلە هەموو ڕێگاکان بۆ یەمەن بکەنەوە و وتی ژیانی ملیۆنان خەڵک لە مەترسیدایە.

هاوپەیمانێتی عەرەبی هەفتەی پێشوو وتی هەموو ڕێگە ئاوی و وشکانی و ئاسمانییەکانی یەمەنی داخستووە بۆ ئەوەی چەک لە ئێرانەوە نەگاتە دەست حوسییەکان.

مکگۆڵدریک وتی " 21 ملیۆن کەس پێویستی بە یارمەتییە و حەوت ملیۆنیان لە ڕەوشێکی زۆر زۆر خراپدا دەژین و ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە و بەتەواوەتی پشت بە یارمەتییە خۆراکییەکان دەبەستن."

وتیشی " بەردەوام بوونی داخستنی فڕۆکەخانەکان و ڕێگە گرنگەکان لەلایەن هاوپەیمانێتی عەرەبیەوە بە سەرکردایەتی سعودیە ڕەوشی هاوڵاتیانی یەمەنی بەتەواوەتی خراپتر دەکات. پێم وایە ئەوە هەڕەشەیەکی مەترسیدارەبۆ سەر ملیۆنان کەس کە کۆشش دەکەن لەژیاندا بمێننەوە."

مکگۆڵدریک بە تەلەفون لە ئوردونەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا لە جنێف قسەی دەکرد ئەمەش بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەنعاوە.

وتی " ئەو کاریگەرییەی لەسەر هاوڵاتیان هەیە ئێستا زۆر زۆرە."

مکگۆرک وتی پلانی سعودیە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ یەمەن لەڕێی بەندەری گازانی سعودییە لە باکوور و بەندەری عەدەن لە باشوورەوە زۆر ئاڵۆزە و مەترسیدارە و تێچووشی زۆرە.

وتی " داوا لە سعودیە و هاوپەیمانێتییەکەی دەکەین هەموو ڕێگە دەریاییەکان بەخێرایی بکاتەوە و ڕێگە بدات یارمەتیەکان و پێداویستییەکانی دیکە بگەنە یەمەن."

مکگۆرک وتیشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان یونسێف کۆگایەکی خواردنی لە یەمەن هەیە کە تەنها بەشی سێ هەفتە دەکات و بار و پێداویستییەکانی ڕێکخراوە تەندروستییەکانی جیهان و یونسێف ڕێگەیان پێنادرێت بگەنە یەمەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG