Accessibility links

حه‌شدى شه‌عبى و چه‌كداره‌ كورده‌ خۆبه‌خشه‌كانى خورماتو یه‌كترى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن


حەشدی شەعبی

حه‌شدى شه‌عبى و هێزه‌ خۆبه‌خشەکانی کوردی قه‌زاى خورماتوى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، كه‌له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ باكورى رۆژئاواى خورماتو شه‌رێكى قورس له‌نێوانیاندا روویدا، یه‌كترى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

عه‌لى حسێنى گوته‌بێژى حه‌شدى شه‌عبى له‌قه‌زاى خورماتو، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ ده‌ستگیركردنى تیرۆریست چونه‌ته‌ گونده‌كانى باكورى رۆژئاواى خورماتو، به‌ڵام خۆبه‌خشه‌كان كه‌مینیان بۆ داناون."

گوتیشى"به‌هۆى ته‌قه‌ى خۆبه‌خشه‌ كورده‌كانه‌وه‌ 3 چه‌كدارى حه‌شد گیانیان له‌ده‌ستداوه‌."

هێزی خۆبەخش
هێزی خۆبەخش

له‌به‌رانبه‌ردا یه‌كێك له‌چه‌كداره‌ خۆبه‌خشه‌كانى خورماتو، هۆكارى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ گێرایه‌وه‌ كه‌ چه‌كدارانى حه‌شد چونه‌ته‌ سنورى گونده‌ كوردنیشینه‌كانه‌وه‌ و پاره‌یان به‌زۆر له‌خه‌ڵك وه‌رگرتوه‌، ئه‌وانیش دۆخه‌كه‌یان پێ قبووڵ نه‌كراوه‌ و لێیان هاتونه‌ته‌ ده‌ست.

له‌چه‌ند رۆژى رابردودا له‌گوندى قه‌ڵخانلوى باكورى رۆژئاواى خورماتو، شه‌رێكى قورس له‌نێوان حه‌شد و چه‌كداره‌ كورده‌ خۆبه‌خشه‌كاندا روویدا، به‌هۆى قورسى و درێژه‌كێشانى شه‌ره‌كه‌وه‌ دانیشتوانى چه‌ند گوندێك ئاواره‌بوون، هه‌روه‌ها 3 چه‌كدارى حه‌شد كه‌هه‌رسێكیان دانیشتوى قه‌زاى داقوقى باشورى كه‌ركوك بوون كوژراون و 7 چه‌كدارى تریشیان برینداربوون.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌قه‌زاى داقوق، كه‌داوایكرد ناوى بڵاونه‌كرێته‌وه‌، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"كاتێك ته‌رمى 3 چه‌كداره‌كه‌ى حه‌شدیان بۆ داقوق بردوه‌ته‌وه‌، ژماره‌یه‌كى زۆر خێزانى كورد قه‌زاكه‌یان به‌ره‌و گونده‌كانى ده‌وروبه‌ر جێهێشتووه‌."

گوتیشى"كورده‌كان له‌وه‌ ترساون له‌كاتى هێنانه‌وه‌ى ته‌رمه‌كاندا لێیان بكوژن، به‌ڵام دواتر گه‌راونه‌ته‌وه‌ و به‌هۆى ته‌قه‌ى چه‌ند چه‌كدارێكى حه‌شده‌وه‌، گه‌نجێكى كورد كوژراوه‌ و یه‌كێكى تریش برینداربووه‌."

له‌ماوه‌ى چه‌ند شه‌وى رابردوودا چه‌ندین گوله‌ هاوه‌ن له‌شاخى غه‌ره‌وه‌ ئاراسته‌ى قه‌زاى خورماتو كرا كه‌ ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبیدایه‌، حه‌شد چه‌كداره‌ كورده‌ خۆبه‌خشه‌كان به‌ته‌قاندنى هاوه‌نه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات و ئه‌وانیش ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG