Accessibility links

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چین قەدەغەکردنی هاتوچۆ فراوانتر دەکات


سەدان هەزاران کەس لە باکووری چین فەرمانیان پێکراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەمەش لە ئێستادا ملیۆنان کەس لەژێر فەرمانی قەدەغەکردنی هاتوچۆدان، لەکاتێکدا بەرپرسانی وڵاتەکە هەوڵدەدەن زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ بکەن.

دوو ساڵ لەمەوبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینەوە سەریهەڵدا، بەهۆی کۆتوبەندی توندەوە لەسەر سنوورەکانی و کوارەتینکردنی هاوڵاتیانی بۆ ماوەیەکی زۆر و قەدەغەکردنی هاتوچۆ، توانی کۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات، لە ئێستادا پەکین ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی هەزاران هاوڵاتی بیانی بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد کە وابڕیارە لە مانگی دوودا بەڕێوەبچێت.

بەڵام لەم هەفتانەی دواییدا چین ڕووبەڕووی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتەوە، ڕۆژی سێشەممە 209 حاڵەتی نوێی توشبوونی تۆمارکرد، ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە مانگی سێی ساڵی ڕابردووەوە، کاتێک ڤایرۆسەکە سەرەتا بە شاری وهاندا بڵاوبۆوە.

زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون لە چین بەرپرسانی ئەو وڵاتەی ناچارکردووە " توندترین " ڕێوشوێن بگرنەبەر لە شاری شیانی باکووری وڵاتەکە، کە لە ئێستادا 13 ملیۆن دانیشتووەکەی لە شەشەمین ڕۆژی قەدەغەکردنی هاتوچۆدان و لە ماڵەوە ماونەتەوە.

شارەکانی نزیک لە شیانیشەوە بە هەمان شێوە زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بینیوە، لەوانەش شاری یانان کە 300 کیلۆمەتر لە شیانەوە دوورە، بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانەوە لەو شارەدا کارەکان ڕاگیران و فەرمانکرا بە سەدان هەزاران هاوڵاتی لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

لە شاری شیان زیاتر لە 4,400 ناوەندی پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە هەیە و زیاتر لە 100,000 کەس ڕەوانەی شارەکە کراون تاوەکو مامەڵە لەگەڵ پشکنینەکاندا بکەن.

بەهۆی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە، زۆرێک لە دانیشتوانی شیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە داوای یارمەتی دەکەن لە دەستکەوتنی خۆراک و پێداویستیە سەرەکیەکانی دیکەدا، ئەمە لەکاتێکدا لە سێ ڕۆژدا تەنها یەک جار ئەندامێکی خێزانێک دەتوانێت بچێتە دەرەوە و پێداویستیەکان بکڕێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG