Accessibility links

سەرۆکی چین بۆ سەرۆک ترامپ: هاریکاری باشترین بژاردەیە بۆ هەردوو وڵاتەکانمان


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جین پینگ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جین پینگ

سەرۆکی چین شی جین پینگ لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 40 ساڵ لە دەستپێکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین وتی مێژوو ئەوە دەسەلمێنێت کە هاریکاری باشترین بژاردەیە بۆ هەریەک لە ئەمەریکا و چین.

جێی ئاماژەیە هەردوو وڵات مانگی ڕابردوو ڕێکەوتن لەسەر ڕاگرتنی ئەو جەنگە ئابوورییەی لەنێوانیاندایە بۆ ماوەی 90 ڕۆژ تاوەکو بتوانن گفتوگۆی نوێ ئەنجام بدەن و ئەو ناکۆکییانەی نێوانیان کۆتایی پێبهێنن کە بووە هۆی ئەوەی هەردوولا گومرگ لەسەر شتومەکی یەکتر زیاد بکەن.

دەزگای هەواڵی چین شینخوا بڵاویکردەوە شی لە پەیامەکەیدا بۆ سەرۆک ترامپ دەڵێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بە زۆر ماوەی قورسدا ڕۆشتووە بەڵام لەماوەی ئەم چل ساڵەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کردووە.

وتیشی ئەم پێشکەوتنە سوودێکی گەورەی هەبووە بۆ هەردوو گەلی ئەمەریکا و چین و زۆر یارمەتیدەر بووە لە ئاشتی و سەقامگیری جیهانیدا.

وتی " مێژوو سەلماندی کە هاریکاری باشترین بژاردەیە بۆ هەردوولا." ئاماژەی بەوەشدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین لە ئێستادا بە قۆناغێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG