Accessibility links

کاردانەوەی ڕێبەرانی جیهان بەرامبەر بە تەقینەوەکانی یەکشەمە لە سریلانکا


پاپ فڕانسس ڕێبەری کاتولیکەکانی جیهان لە وتەکانی لە ڤاتیکان گوتی هێرشەکانی ئەمڕۆ، دروست لە رۆژی جەژنی زیندووبوونەوەی عیسا مەسیح، دڵی خەڵکی سریلانکای تووشی ژان و ماتەم کرد.

هەشت تەقینەوە لە سریلانکا لە رۆژی یەکشەمە کە تا ئێستا لانی کەم ٢٠٠ کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندارن، کاردانەوەی بەرفرەوانی نێونەتەوەیی بە دوادا هاتووە.

سەرۆکی ئەمەریکا، دانۆڵد تڕامپ وێڕای ئەوەی ئەو هێرشانە بە کاری تێرۆریستی دەزانێت لە تویتی خۆیدا نووسی، "ئەمەریکا لە گەڵ خەڵکی مەزنی سریلانکا هاودەردی دەکات. ئێمە ئامادەی کۆمەککردنین."

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ڕانۆڵد لادر بەرپرسی کۆنگرەی جیهانی جوولەکەکان لە بەیانیەیەک دا گوتی، جوولەکەکانی جیهانی و تەواوی خەڵکی خاوەن شارستانیەت، ئەو کردەوە دزێوە بە کارێکی ناپەسند دەزانن و خوازیارن هەڵس و کەوتی توند لە گەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە بۆ پێشوەچوونی مەبەستەکانی خۆیان لە تێرۆر کەڵک وەردەگرن.

ئانگێلا مێرکر سەرۆکی حکومەتی ئاڵمان لە پەیامێک لە تویتدا گوتی، ئەوە کە کەسانێک بۆ بەڕێوەبردنی جەژن لە دەوری یەک کۆببوونەوە و بوونە ئامانجی هێرشەکانی دڕندانە زۆر دڵتەزێنە.

تێریسا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا لە تویتی خۆی دا هێرش بۆ سەر کلیساکان و هۆتێلەکانی سریلانکای بە کارێکی ترسهێنەر زانی و گوتی، بۆ ئەوەی دڵنیابم کە لە کاتی نزاکردن دا هیچ کەس تووشی ترس و توقاندن نابێت، هەموومان دەبێت لە پاڵ یەک بوەستین.

بنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیری ئیسڕایل لە بەیانیەیەکدا گوتی بە بیستنی هەواڵی هێرشەکانی مەرگهێنەر لە سریلانکا بە تەواوی حەپەسام. هەروەها گوتی ئیسڕایل بۆ یارمەتی کردن بە بەرپرسانی سریلانکا لە ئەو کاتە سەختەدا، لە پاڵ ئەوان دەوەستێت.

XS
SM
MD
LG