Accessibility links

بەڕێوبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی داوا لە دەوڵەمەندانی جیهان دەکات یارمەتی برسییەکان بدەن


بەڕێوبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەیڤد پەیسلی داوای لە دەوڵەمەندانی جیهان کرد یارمەتی ڕزگارکردنی 30 ملیۆن هاوڵاتی بدەن و وتی ئەگەر یارمەتی نەدرێن ئەوا لە برسا دەمرن.

پەیسلی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا وتی نزیکەی 270 ملیۆن کەس لەسەر ئاستی جیهان لەسەر لێواری برسێتین و بەرنامە خۆراکی جیهانی هیوادارە لەم ساڵدا بتوانێت یارمەتی 138 ملیۆن کەس بدات.

وتی " ئەم ساڵ پێویستمان بە 4.9 ملیار دۆلار هەیە تاوەکو خۆراک بدەین بە 30 ملیۆن کەس کە ئەگەر لەلایەن بەرنامەی خۆراکی جیهانیەوە یارمەتیان نەدرێت ئەوا لە برسا دەمرن."

ئاماژەشی بەوەدا نزیکەی 2000 ملیاردێر هەن کە سامانەکانیان دەگاتە 8 تریلیۆن دۆلار و لە ماوەی پەتای کۆرۆنادا چەند ملیارێکی دیکەیان پەیدا کردووە.

پەیسلی کە پێشتر فەرمانڕەوای ویلایەتی ساوث کارۆلاینای ئەمەریکا بوو وتی " دژی پارە پەیدا کردن نیم، بەڵام مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی توندترین قەیران بۆتەوە کە تاوەکو ئێستا بینیبێتمان."

وتیشی " ئێستا کاتی ئەوەیە ئەوانەی هەیانە لەم کاتە هەستیارەی مێژووی جیهاندا هەستن و یارمەتی پێشكەش بکەن، جیهان پێویستی بە ئێوەیە و کاتی ئەوەیە شتە ڕاستەکە بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG