Accessibility links

دادگای جیهانی فەرمان بە ئیسرائیل دەکات ڕێگری لە کردەوەی جینۆساید بکات، بەڵام فەرمانی ئاگربەست دەرناکات


ڕۆژی هەینی دادگای جیهان فەرمانی بە ئیسڕائیل کرد هەنگاو بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە کارەکانی کۆمەڵکوژی لە هێرشەکانیدا دژی چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، بەڵام داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێی نەکرد.

لەسەر دۆسییەیەک کە لەلایەن ئەفریکای باشوورەوە تۆمار کراوە، دادگاکە وتی ئیسڕائیل دەبێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی هێزەکانی کۆمەڵکوژی ئەنجام نەدەن و ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ باشکردنی ڕەوشە مرۆییەکە بۆ هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی لە کەرتی غەززەدا.

لە بڕیارەکەدا، 15 دادوەر لە کۆی 17 دادوەری پانێڵی دادگای دادی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی بەپەلە دەنگییاندا کە زۆربەی ئەو داواکارییانەی تێدا بوو کە ئەفریکای باشوور لەو دۆسییەیەدا داوای کردبوون، بەڵام فەرمانی بە ئیسڕائیل نەکرد هێرشە سەربازییەکەی لە غەززە ڕابگرێت، کە ئەوە یەکێک بووە لە داواکانی ئەفریکای باشوور.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن 1200 کەس کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، 240 کەسیش بە بارمتە گیراون.

لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، ئیسڕائیل هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی حەماس لە غەززە دەستپێکرد. دادگاکە وتی " زۆر نیگەرانە " سەبارەت بە چارەنووسی بارمتەکان لە غەززە و داوای لە حەماس و گروپە چەکدارییەکانی دیکە کرد دەستبەجێ بەبێ هیچ مەرجێک بارمتەکان ئازاد بکەن.

ئیسڕائیل داوای لە دادگاکە کردبوو دۆسییەکە ڕەت بکاتەوە، دەڵێت ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی دەگرێت و مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.

دادگاکە وتی " دەوڵەتی ئیسڕائیل دەبێت سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانە بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە مۆڵەتدان بە هەر کارێک کە لە چوارچێوەی بەندی 2 ی پەیماننامەی کۆمەڵکوژیدا بێت."

وتیشی دەبێت ئیسڕائیل ڕاپۆرت بدات بە دادگاکە لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە لە ماوەی یەک مانگدا دەیانگرێتەبەر.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی تۆمەتی تاوانی کۆمەڵکوژی کە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کراوە " بێزارکەرە " و وتی ئیسڕائیل هەرچی پێویست بێت دەیکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

وتی " هەوڵە بەتاڵەکان بۆ ئەوەی ئەم مافە بنچینەییە لە ئیسڕائیل بسەننەوە جیاکارییەکی ئاشکرایە دژی دەوڵەتی جووەکان، بە شێوەیەکی دادپەروەرانەش ڕەت کرایەوە."

بەڵام لە کاتێکدا کە بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی دوایین بڕیارن و پێداچوونەوەیان پێدا ناکرێت، دادگاکە هیچ دەسەڵاتێکی نیە بۆ جێبەجێکردنییان.

دادگاکە لەم قۆناغەدا بڕیاری لەسەر ئەوە نەدا کە ئایا ئیسڕائیل کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام داوە یاخود نا، وەکو چۆن ئەفریکای باشوور باسی لێوەکردووە، بەڵام دانی بە مافی فەلەستینییەکانی غەززەدا نا بۆ پاراستنییان لە کارەکانی کۆمەڵکوژی.

جێگری سەرۆکی ئەفریکای باشوور پۆڵ ماشاتیل و وەزیری دادی ئەو وڵاتە ڕۆناڵد لامۆلا لە کۆبوونەوەیەکی نیشتیمانی پارتی فەرمانڕەوای ئەفریکادا بیندران ئاهەنگییان دەگێڕا دوای بڕیارەکەی دادگاکە.

دوو هەفتە لەمەوبەر ئەفریکای باشوور وتی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە ئامانج لێیان " لە ناوبردنی دانیشتوانی " غەززەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG