Accessibility links

تەندروستی جیهانی: سەدان ناوەندی تەندروستی لە ئەفغانستان لەژێر مەترسی داخستندان


کابوڵ

بەرپرسێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی سەدان ناوەندی تەندروستی لە ئەفغانستان لەژێر مەترسی داخستندان چونکە بەخشەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە لەڕووی داراییەوە پشتیوانیان لەو ناوەندانە کردووە، لە ئێستادا قەدەغەکراوە لەسەریان مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکەن.

بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەشی فریاکەوتنی هەرێمەکان ڕیک برێنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی نزیکەی لە سەدا 90 ی 2,300 ناوەندی تەندروستی لە سەرانسەری ئەفغانستان پێدەچێت لەم هەفتەیەدا دابخرێن.

وتی زۆرێک لە بەخشەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا فەرمانییان پێکراوە مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا نەکەن. بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەسەر ئەو بابەتە نەدا.

برێنان وتی " وەستانێکمان دەبێت لە بەشێکی گەورەی ئەرکەکانماندا لەو ناوەندانە. بەپێی هەندێک لە خەمڵاندنەکان زیاتر لە سەدا 90 ی ئەو ناوەندانە پێدەچێت لەم هەفتەیەدا لەکاربکەون و ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشیەکان و مردن."

وتیشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەوڵی ئەوەدابوو ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، ئەوەش لەڕێی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی و پشتیوانیکردنی 500 ناوەندی تەندروستی لەڕووی داراییەوە.

ئەوەشی خستەڕوو " هیوادارین بتوانین لە ماوەی هەفتەی داهاتووەوە دوو بۆ سێ بار لە پێداویستی و کەلوپەلەکان بە فڕۆکە لەڕێی قەتەڕەوە بگەیەنینە کابوڵ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG