Accessibility links

شارەزایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە پەتای کۆرۆنا سەردانی چین دەکەن


دوو شارەزای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەردانی پەکینی پایتەختی چین دەکەن بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی دروستبوونی پەتای کۆرۆنا.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا وتی شارەزایەکی تەندروستی ئاژەڵ و پسپۆڕێکی گواستنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکان لەمیانەی سەردانەکەیاندا بۆ چین کار لەسەر ئەوە دەکەن چۆن ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ.

زانایان باوەڕیان وایە ئەم ڤایرۆسە سەرەتا لە شەمشەموکوێرەدا بووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ ئاژەڵێکی دیکەی وەکو پانگۆلین و دواتر لە بازاڕەکانی گۆشتدا لە وهان گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ.

لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی دیکە، چین هەندێک لە بازاڕەکانی گۆشتی لە وڵاتەکەدا داخست و ڕێوشوێنی توندی گرتەبەر، ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

ئەم ئەرکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەستیارە، لەکاتێکدا ئەمەریکا بەنیازە لە ڕێکخراوەکە بکشێتەوە بەهۆی ئەوەی دەڵێت ڕێکخراوەکە خراپ مامەڵەی لەگەڵ پەتاکەدا کردووە و چاوپۆشی لە چین کردووە.

زیاتر لە 120 وڵات داوای لێکۆڵینەوەیان لە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە کردووە. چین سوور بوو لەسەر ئەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکە بکات، بەڵام چاوەڕێ بکات تاوەکو پەتاکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. لەکاتێکدا لە هەریەک لە هیندستان و بەڕازیل و ئەمەریکا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە بەردەوام لە زیادبووندایە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG