Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: لێکۆڵینەوەکردن لەسەر ڕیشەی کۆڤید-19، بە مەبەستی تاوانبارکردنی هیچ لایەنێک نییە


کاربەدەستان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێن هەوڵەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە کردن لە ڕەگوڕیشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیوەندی بەوەوە نییە " لایەنێک تاوانبار بکەن" لە کاتێکدا ڕێکخراوەکە تیمێک لە پسپۆڕانی جیهانی لەم هەفتەیەدا ڕەوانەی چین دەکات.

بەرپرسی کاروباری فریاکەوتنی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، مایک ڕایەن، ڕۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە ژنێڤ گوتی " ئێمە لێرە بە دوای ئەو وەڵامانەدا دەگەڕێین کە ڕەنگە لە داهاتوودا بمانپارێزن. تاوانبارکردن سەرکۆنەکردنی هیچ کەس نییە."

ڕایەن گوتیشی ئەگەر تاوانبارێک دەستنیشان بکرێت " ئەوا دەتوانین گۆڕانکاری ژینگە تاوانبار بکەین. دەتوانین بڕیاری ئەو ڕێبازانە تاوانبار بکەین کە 30 ساڵ لەمەوبەر لە سەر هەمو شتێک دراون هەر لە گەورەکردنی شارەکانەوە بگرە هەتا دەگاتە شێوازی چەوسانەوەی دارستانەکان."

پێشتریش بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ، تیدرۆس ئەدهانۆم گابرێسیس، گوتی ئەو تیمەی کە دەڕوات بۆ چین هەوڵ دەدات لە سەرچاوەی سەرتایی ئەو ڤایرۆسە تێبگات کە لە ناوەندی شاری ئوهانی چینەوە بڵاوبۆوە.

لێدوانەکانی بەرپرسیانی ڕێکخراوەکە پاش ڕاگەیاندنەکەی چین بوو کە گوتی تیمێکی WHO ڕۆژی سێشەممە پێنجشەممە دەگاتە چین.

هەرچەندە هەتا ئێستا ڕوون نییە کە ڕێگە بەو تیمە دەدرێت لێکۆڵینەوەکانیان لەشاری ئوهان بکەن کە ئەو شوێنەی لە کۆتایی ساڵی 2019 سەرتا ڤایرۆسەکە تیایدا سەریهەڵدا.

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤن دوجاریک لەسەر تیمەکەی کە سەردانی چین دەکات ڕایگەیاند " زۆر گرنگە لە کاتێکدا WHO پێشەنگی شەڕی دژ بە پەتاکە دەکات هەوڵ بدات بزانێت ڕیشەی ئەم ڤایرۆسە لەو کوێوە هاتووە بۆ ئەوەی باشتر ئامادەبین بۆ بڵاوبوونەوەی پەتایەکی تر."

ئەم هەوڵەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە چین 103 حاڵەتی نوێی کۆڤید-19 ی ڕاگەیاند، ئەمەش زۆرترین ژمارەی ئەو وڵاتە بووە لەوەتای مانگی پێنجەوە.

فەرەنساش زیادبوونی حاڵەتەکانی ڕاگەیاندووەو دەڵێت بە پێی داتا نوێیەکان ڕۆژانە حاڵەتەکان بە ڕێژەی نزیکەی 18 هەزار بەرزدەبێتەوە.

لە بەریتانیاش سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بۆریس جۆنسن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند قەدەغەکردنی هاتوچۆی سەرتاسەری ڕەنگە پێویست بێت ئەگەر حاڵەتەکان بەم شێوەیە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدابن. ئەو داوای لە خەڵکی کرد لە " ئەوپەڕی هۆشداریدا"بن لەکاتێکدا ڕووبەڕووی ئەو ڕەوشەی ئێستا دەبنەوە.

XS
SM
MD
LG