سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئادهانۆم گیبریسوس تۆمەتەکانی وڵاتەکەی خۆی " ئیثیوپیا " ی ڕەت کردەوە کە گوایە پشتیوانی لە یاخیبووانی هەرێمی تیگرای کردبێت و داوای لە وڵاتانی دراوسێی ئیثیوپیا کردبێت چەک و یارمەتیەکانی دیکە بۆ هەرێمەکە دابین بکەن، لەکاتێکدا ماوەی دوو هەفتەیە شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی ئیثیوپیا و یاخیبووانی هەرێمی تیگرایدا بەردەوامە.
تیدرۆس لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەواڵ هەن لەسەر ئەوەی من لەم ڕەوشەدا بەرەیەکم هەڵبژاردووە پشتیوانی بکەم، ئەمە ڕاست نیە، دەمەوێت بڵێم من تەنها لە یەک بەرەدام و ئەوەش بەرەی ئاشتیە."
وتیشی " دڵم شکاوە بۆ نیشتیمانەکەم، ئیثیوپیا." هەروەها باسی لە بیرەوەرییەکانی منداڵی کرد کاتێک جەنگ هەبووە لە وڵاتەکەدا وخەڵکانێکی زۆر بەهۆی ئەو جەنگەوە کوژراون، هەروەها دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داوای کرد بە زووترین کات شەڕ و پێکدادانەکان بوەستێنرێن.
لە ماوەی ڕابردوودا سەرکردەی سوپای ئیثیوپیا بورهان جولا بەبێ بەڵگە ئاماژەی بەوەدا سەرۆکی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هانی وڵاتانی دراوسێی ئیثیوپیای داوە " سەرکۆنەی جەنگ بکەن و چەک بدەن بە ( بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی تیگرای )."
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس