Accessibility links

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باری نائاسایی لە جیهاندا ڕادەگەیەنێت


بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆن

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە لە چینەوە سەری هەڵداو و لە ئێستادا بە زیاتر لە 12 وڵاتدا بڵاوبۆتەوە، باری نائاسایی لە جیهاندا ڕاگەیاند. ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی توشبووان و گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەم هەفتەیەدا زیادیان کرد.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باری نائاسایی نێودەوڵەتی بە " ڕووداوێکی نائاسایی " پێناسە دەکات کە ببێتە هۆی هەڕەشە لەسەر وڵاتانی دیکە و پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەماهەنگ هەبێت.

لە کۆتای مانگی دوانزەدا چین چەند حاڵەتێکی توشبوونی بە ڤایرۆسەکە بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند. تا ئێستا چین 7800 حاڵەتی توشبوون و 170 مردنی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ڕاگەیاندووە. هەژدە وڵاتی دیکە حاڵەتی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە ڕاگەیاندووە، ئەمە لەکاتێکدایە زانایان پەلەیانە لەوەی تێبگەن چۆن ئەم ڤایرۆسە بڵاودەبێتەوە.

شارەزایان دەڵین بەڵگەی زۆر بایەخدار هەیە لەسەر ئەوەی ئەم ڤایرۆسە لە چین لەنێو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە و نیگەرانن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی وەک ئەمەریکا و فەڕەنسا و ژاپۆن و ئەڵمانیا و کەنەدا و ڤیێتنام، لەو وڵاتانەش تێبینی ئەوە کراوە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە گوازراوەتەوە.

بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆن لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت نیگەرانە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنێو خەڵکی دەرەوەی چیندا.

وتی " هۆکاری سەرەکی بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە جیهاندا تەنها لەبەر ئەوە نیە کە لە چین ڕوودەدات، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەیە کە ڕوودەدات لە وڵاتانی دیکەش. نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت بەو وڵاتانەدا بڵاوببێتەوە کە سیستمی تەندروستی لاوازیان هەیە و لەتوانایاندا نیە و ئامادە نین ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە ببنەوە."

ڕۆژی پێنجشەممە فەڕەنسا ڕایگەیاند پزیشکێک کە چارەسەری بۆ توشبوویەک کردووە دواتر خۆشی توشی ڤایرۆسەکە بووە. ئێستا پزیشکەکە لە ژوورێکی جیادا لە نەخۆشخانەی پاریس چارەسەری بۆ دەکرێت. شارەزایانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی نیگەرانی ئەوەن کە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە لە نەخۆشەکانەوە بۆ کارمەندانی تەندروستی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڤایرۆسەکە وردە وردە خۆی دەگونجێنێت لەسەر ئەوەی لە مرۆڤێکەوە بچێت بۆ مرۆڤێکی دیکە.

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی جیهانی دەبێتە هۆی خەرجکردنی پارە و سامانی زیاتر، بەڵام لەوانەشە ببێتەهۆی ئەوەی حکومەتەکانی جیهان کۆتوبەند بخەنە سەر گەشتکردن و بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبۆتەوە.

لەلایەکی دیکەو ڕوسیا ڕایگەیاند سنوورە 2600 مایڵەکەی لەگەڵ چیندا دادەخات، ئەمەش دوای ئەوەی مەنگۆلیا و کۆریای باکوور سنوورەکانیان لەگەڵ چیندا داخست. حکومەتی ڕوسیا ڕایگەیاند داخستنەکە تاوەکو یەکی مانگی 3 بەردەوام دەبێت.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG