Accessibility links

کاربەدەسـتێکی کۆشکی سپی دەست لەکاردەکێشێتەوە


مایک دەبکی بەڕێوەبەری پەیوەندیـیەکانی کۆشکی سپی پاش سێ مانگ لە دەسـتبەکاربوونی دەستی لە کارەکەی کێشایەوە.

کێڵیان کۆنوەی ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس گوت بەر لەوەی سەرۆک ترامپ گەشتەکەی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام بدات مایک دەبکی بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی دا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دەست لەکارکێشانەوەکەی پەیوەندی بە بابەتەکانی ئەم دوایـیەی نێو کۆشکی سپیـیەوە نیـیە.

مایک دەبکی بە ڕۆژنامەی پـۆلیتیکۆی ئاشکراکرد کە لە 18 ی مانگی پـێنجەوە داوای دەست لەکارکێشانەوەکەی پـێشکەش کردووە و سەرۆک ترامپ ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، بەڵام لە پۆستەکەی ماوەتەوە هەتا سەرۆک ترامپ لە گەشتەکەی دەگەڕێتەوە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بە فەرمی هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەی ڕانەگەیاندراوە.

مایک دەبکی لە مانگی دوو پەیوەندی بە کۆشکی سپی کرد تاوەکو ئەرکەکانی سەر شانی شان سپایسەر بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆشکی کەم بکاتەوە، بۆیە پـێشبینی دەکرێت هەتا یەکێـکی دیکە بۆ ئەو پـۆستە دەسـتنیشان دەکرێت، شان سپایسەر کەمتر کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سازبکات.

هەرچەندە مایک دەبکی کەسێـکی کۆماریـیە، بەڵام لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاری بۆ پشـتیوانیکردن لە سەرۆک ترامپ نەکردبوو.

XS
SM
MD
LG