هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کە پارێزراوتر بوو لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕۆژی دووشەممە دەستیانکرد بە هەڵهاتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا هێرشی ئاسمانی کردەسەر بنکەیەکی سەربازیی ئۆکرانیا لەنزیک سنووری نێوان وڵاتەکە و پۆڵەندای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.
ئۆکرانیا دەڵێت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ڕووسیاوە بۆ سەر بنکە سەربازییەکە 35 کەس کوژراون. مۆسکۆ دەڵێت " 180 بەکرێگیراوی بیانی لە هێرشەکەدا کوژراون " و بڕێکی زۆر لە چەکی بیانی لە بنکەکەدا لەناوبراون.
ئۆکرانیا وتیشی هێرشی ئاسمانی کراوەتەوە سەر فڕۆکەخانەیەک لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ژمارەی ئەو هاوڵاتیە مەدەنییانەی ئۆکرانیا کە لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ڕۆژانە وڵاتەکە بەجێدەهێڵن بەرزبۆوە بۆ 2.8 ملیۆن کەس.
بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن ئەگەر هێرشەکانی ڕووسیا بەردەوام بن ئەوا لەوانەیە 5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی لە وڵاتەکە هەڵبێن.
لە ناوخۆی ئۆکرانیاشدا ملیۆنان کەس ئاوارە بوون.
سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتیوش مۆرۆڤسکی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانی و لیتوانییەکەیدا وتی هێرشەکەی ڕووسیا لە نزیک سنووری وڵاتەکەیەوە دەریدەخات کە ڕووسیا دەیەوێت " ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوانی مەدەنیدا بخاتەوە."
شەڕ و پێکدادانەکان لە دەوروبەری زۆرێک لە شارەکانی ئۆکرانیا بەردەوام بوون، بە کیێڤی پایتەختیشەوە. ڕۆژی دووشەممە ئۆکرانیا وتی دەیەوێت لەڕێی 10 ڕێڕەوی مرۆییەوە هاوڵاتیانی لەو شارانەدا کە بۆردومانیان لەسەرە بگوازێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز