ڕابەرێکی کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ڕابەرانی بەرگریی ڕۆژئاوای ئەفریقا پلانێکیان داڕشتووە بۆ ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی لە نەیجەردا، ئەوەش لە پێناو پێچەوانەکردنەوەی کودەتاکەی هەفتەی ڕابردوو لەو وڵاتەدا، لە پلانەکاندا باس لەوە کراوە چۆن و کەی هێزەکان ڕەوانە بکرێن.
کۆمسیاری کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا بۆ کاروباری سیاسیی و ئاشتی و ئاسایش، عەبدول فەتاو موسا، وتی کۆمەڵەکە بۆ کودەتاچییەکانی ئاشکرا ناکات کەی و لە کوێ دەدات. ئەو بڕیارەش لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکانەوە دەدرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەیەکی سێ ڕۆژییدا لە ئابوجای پایتەختی نایجیریا، موسا وتی " بیر لە هەموو بەشەکانی دەستوەردانەکە کراوەتەوە، لەوانەش سەرچاوەی پێویست، چۆن و کەی هێز ڕەوانە دەکەین."
کۆمەڵەکە پێشتر سزای بەسەر نەیجەردا سەپاند و ڕایگەیاند ئەگەر ڕابەرانی کودەتاکە تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە دەسەڵات بۆ محەمەد بازومی سەرۆکی هەڵبژێردراوی نەیجەر نەگەڕێننەوە، ئەوا دەتوانرێت ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز بدرێت.
کۆمەڵەکە کە لە 15 وڵات پێکهاتووە ڕۆژی پێنجشەممە شاندێکی ڕەوانەی نەیجەر کرد و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە دەدات، بەڵام سەرچاوەیەک لە شاندەکەوە ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
موسا وتی " ئێمە دەمانەوێت دیپلۆماسی هەبێت، دەمانەوێت ئەم پەیامەیان بە ڕوونی بۆ بگوازرێتەوە کە هەموو دەرفەتێکیان پێدەدەین بۆ پاشگەزبوونەوە لەوەی کە کردوویانە. "
سەرچاوە / ڕۆیتەرز