پۆلیس وتی لە ئەنجامی تەقە کردنێک لە ناو یەکێک لە بازاڕەکانی واڵ مارت لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری دێنڤەری ئەمەریکا سێ کەس کوژران و تا ئێستا هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردووە.
پۆلیسی ناوچەی ثۆرنتنی ویلایەتی کۆلۆرادۆ تا ئێستا هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە ڕووداوەکە و تەقەکەرەکە بڵاونەکردۆتەوە.
دوو پیاو لە هێرشەکەدا کوژراون، پۆلیسی ثۆرنتن لە تویتەر ئاماژەشی بەوە داوە کە ئافرەتێک هەناسەی گیراوە پێش ئەوەی ببرێت بۆ نەخۆشخانە.
پۆلیس وتی " ئێستا لێکۆڵەرەوەکان ڕێوشوێنی ئەمنی دەگرنە بەر و قسەی شایەتحاڵەکان وەردەگرن بۆ گەیشتن بە گومانلێکراوەکە یاخوود گومانلێکراوەکان."
هەروەها وتیشی تا ئێستا هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردووە.
ئەفسەری پۆلیسی ثۆرنتن ڤیکتەر ئاڤیلا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز دوای ڕووداوەکە وتی " ژمارەیەک خەڵک پێوە بوون و هێشتا هەوڵدەدەین بارودۆخیان بزانین."
دوای کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی هەواڵی تەقە کردنەکە، پۆلیسی ثۆرنتن لە تویتەر نوسیویەتی تەقە کردنەکە وەستاوە و بازاڕەکە چواردەور دراوە بە پۆلیس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەرەوە.
دواتر دوای 20 خولە کوژرانی دوو کەس ڕاگەیەندرا.
جێی ئاماژەیە ثۆرنتن نزیکەی 120 هەزار دانیشتووی هەیە و دەکەوێتە 16 کیلۆمەتر باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری دێنڤەرەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز