Accessibility links

لایەنەکانی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران، هەوڵی پاراستنی ڕێککەوتنەکە دەدەن


کاربەدەستێکی یەکێتی ئەوروپا کە ڕێبەرایەتی وتووێژەکانی نێوان ئێران و گروپی پێنج زلهێزی جیهانی دەکات ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، بەشداربووان پابەندن بە هێشتنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 کە بەرنامەی ناوکەی ئێرانی بەرامبەر لابردنی سزاکان سنوردار کردووە.

پاش کۆبونەوەکەی ڤیانا هێڵگا شمت لە تویتێکدا ڕایگەیاند " بەشداربوان کۆبونەتەوە بۆ ئەوەیڕێککەوتنەکەی ئێران بپارێزرێت و ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە سەرەڕای ئاستەنگەکانی ئێستا".

پاشان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هەموو بەشداربووان جەختیان کردەوە لە گرنگیی پاراستنی ڕێککەوتنەکە و دووپاتیان کردەوە کە ئەمە لایەنێکی سەرەکی پەیمانی بڵاونەبوونەوەی چەکی ناوەکی جیهانییە ، هەروەک لە بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسەند کراوە".

ئەو ڕێککەوتنە ساڵی ڕابردوو لەژێر فشاردا بوو کاتێک ئێران ڕایگەیاند هەنگاو دەنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە پابەندبوونی بە ڕێککەوتنەکەوە، و گازندەی ئەوەی کرد پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا، سزا ئابورییەکانی کە بەڵێنی پێدرابوو لەسەری هەڵگیرێت لانەچووە.

ئەو سزایانە کاتێک دەستیان پێکردەوە کە سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و گوتی ئەو ڕێککەوتنە باش نەبووە بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران تا نەتوانێت بۆمبی ناوکی بەدەستبهێنیت، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری سزاکانی سەر وڵاتەکە لادەدرێت.

ئێران نکوڵی لەوە کردووە کاری کردبێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی و دەڵێتدەتوانێت و ئامادەیە بۆ پێچەوانە کردنەوەی سزاکان و ئەو هەنگاوانەی ناویانە کە لە مامەڵەکە بکشێنەوە.تاران سنووری بڕی یۆرانیۆمی پیتێندراوی بەزاندووە.

نوێنەرانی بەریتانیا، چین، فەرنسا، ڕوسیا و ئەڵمانیا هەمویان بەشداربوون لە وتووێژەکەی ڕۆژی سێشەممەدا کە نوێترین هەوڵیانە بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت لەبەر ئەوەی ئەندامی سەرەکی ڕێککەوتنەکە بوو، مافی ئەوەی هەیە هەوڵ بدات سزاکان دەستبەجێ بەسەر تاراندا بسەپێنرێنەوە.

هەروەها بەشداربوانی وتووێژەکەی ڕۆژی سێشەممە پێشوازیان لە بڕیارەکەیهەفتەی ڕابوردووی ئێران کرد بۆ ڕێگەدان بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشکنینی دوو شوێن کە گومانی ئەوە دەکرێت ئێران لە سەرەتای ساڵی 2000رەکاندا ماددەی ناوکی ڕانەگەیەندراوی تێدا هەڵگرتبێت یان بەکارهێنابێت.

XS
SM
MD
LG