Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت بەشداری دیبەیتێک ناکات بە ڕێگای ئۆنلاین بێت


سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند بەشداری لە دیبەیتی داهاتوی سەرۆکایەتی ناکات، پاش ئەوەی کۆمسیۆنی دیبەیتەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند دیبەیتی داهاتوو بە ڕێگای ئۆنلاین دەبێت "لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هەمو ئەوانەی لەوێ دەبن".

کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاند ترامپ، کە چارەسەری کۆڤید-19 ی بۆ دەکرێت، و بەرهەڵستە دیموکراتەکەی جۆو بایدن لە دوورەوە بە ڕێگای ئۆنلاین بەشداری دەکەن.

لە بەیاننامەیەکدا کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاند دیبەیتەکەی کە بڕیارە لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هەروەکو چۆن لە سەرەتاوە بڕیارداربوو لە نێوەندی هونەری ئادرەین ئاشتی مەیامەی فلۆریدا بەڕێوە دەچێت. وەکو شێوازێکی پرسیارو وەڵام کە ئەندامانی بەشداربوو پرسیاریان لێ دەکەن.

کاتێک لە کەناڵی فۆکس بسنز پرسیاری لەوبارەیەوە لێکرا سەرۆک ترامپ گوتی " من کاتی خۆم بە فیڕۆ نادەم بە دیبەیتێکی ئۆنلاین لە دوورەوە. دیبەیت بەم جۆرە نابێت. لە پشتی کۆمپیوتەر دانیشیت و دیبەیت بکەیت ئەمە گاڵتەجارییە. و هەرکاتێکیش بیانەوێت بتبڕن."

هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن ڕایگەیاندووە جێگری سەرۆکی پێشوو بەشداری دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا هەڵمەتەکانی بایدن ڕایگەیاند " بە لەبەرچاوگرتنی ڕەتکردنەوەی سەرۆک بۆ بەشداری کردنی لە 15 ی مانگی 10، هیوادارین کۆمسیۆنی دیبەیتەکان مشتومڕکەی 15 ی مانگی 10 کە خەڵک بتوانێت پرسیاریان لێ بکات بگوازێتەوە بۆ 22 ی مانگی 10 تا سەرۆک نەتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە."

ترامپ لە ئێستاد لە پەتای کۆرۆنا دێتەوە سەرخۆی و لە ڕۆژی دووشەممەوە گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی پاش ئەوەی لە نەخۆشخانەی لەشکری واڵتەر ڕیید چارەسەری بۆ کرا.

ئەو گوتی ڕەوشی تەندروستی زۆر باشەو ئامادەیە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی دەستپێبکاتەوە.

ئەو گوتی " هەست دەکەم زۆر باشترم تا ئەو ئاستەی پێم خۆشە هەر ئەم شەو کۆبونەوەی جەماوەری ئەنجام بدەم."

پزیشکەکانی سەرۆک هێشتا نەیانگوتووە کە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە جەماوەرییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی.

ڕێنماییەکانی نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان دەڵێت کەسێک کە توشی ڤایرۆسەکە ببێت پێویستە بەلایەنی کەم بۆ 10 ڕۆژ کەرەنتینە بکرێت. سەرۆک تراپ لە هەفتەی ڕابوردوو ڕایگەیاند توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

XS
SM
MD
LG