Accessibility links

کۆشکی سپی بەرگری لە نیگەرانییەکانی ترامپ دەکات لەسەر دەنگدان لە ڕێگای پۆستەوە


کۆشکی سپی بەرگری لە هەوڵەکانی دەکات بۆ پاراستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی 11 لە دەستتێوەردانی دەرەکی پاش ئاشکرا کردنی "هەوڵی دەستێوەردانەکانی ڕوسیا" کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هۆشدارییە بەردەوامەکانی سەرۆکترامپە لە ئەگەری ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.

ڕۆبەرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕۆژی هەینی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند" ئێمە بۆ پاراستنی بێگەردی هەڵبژاردنمان هەموو شتێک دەکەین"، ئەو گوتیشی " کۆشکی سپی و سەرۆک" کرداری بێپێشینەیان" ئەنجام داوە بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکانی مانگی 11.

ڕۆبەرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی
ڕۆبەرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی


هەروەها ڕایشیگەیاند ئێمە پەیامی ڕوونمان داوە بە چینییەکان، ڕوسییەکان و ئێرانییەکان و کەسانی تریش کە هەرکەسێک هەوڵی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا بدات ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی سەخت دەبێتەوە.

ئەم دڵنیاکردنەوانە پاش دزەکردنی بەشێکی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی دێت لە ڕۆژی پێنجشەممە کە تیادا دەڵێت ڕوسیا ئەو مەترسییانە بڵاودەکاتەوە کە دەنگدان بە ڕێگای پۆستە دەبێتە ئەنجامی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.

بەپێی بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەکە سەرەتا دەستی ئاژانسی هەواڵی ABC کەوتبوو "لە مانگی سێی 2020ەوە، کاراکتەرە کاریگەرە ڕوسیاییەکان،دەنگۆی کێشەکانی ڕاستودروستی هەڵبژاردنەکان لە پرۆسەی نوێی دەنگدان و بەرنامەکانی دەنگدان بەڕێگای پۆستەیان گەورە کردۆتەوە".

هەروەها، دەشڵێت "روسیا وا دیارە بەردەوام بێت لە گەورەکردنەوەی ڕەخنەکانی دەنگدان بە ڕێگای پۆستە و گۆڕینی پڕۆسەی دەنگدان لە نێوەندی پەتای کۆڤید-19، بە مەبەستی بنکۆڵکردنی متمانەی گشتی بە پرۆسەی هەڵبژاردن".

ترامپ چەند مانگێکە نیگەرانی لەمەڕ بەکارهێنانی پۆستە بۆ دەنگدان دەربڕیوە.

لە مانگی 6دا لە تویتێکدا ڕایگەیاند بەکارهێنانی پۆستە بۆ دەنگدان دەبێتە هۆی " ساختەترین هەڵبژاردن لە مێژوی وڵاتەکەماندا."

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەو مشتومڕێکی دروستکرد بەوەی وادیار بوو داوا لە پشتیوانانی بکات دوو جار دەنگ بدەن، بە ڕێگای پۆستەو هەروەها خۆشیان بچن بۆ دەنگدان، بۆ ئەوەی سیستمی هەڵبژاردن تاقیبکەنەوە و دڵنیابن لەوەی دەنگەکانیان دەژمێردرێت. دوو جار دەنگدان بە مەبەست نایاساییە.

کاربەدەستی باڵای کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی بەرگری لە قسەکانی سەرۆک ترامپ کرد لەسەر دەنگدان بە ڕێگای پۆستەو بە ڕەوا ناودێری کرد.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێت نابێت ئەو نیگەرانیانە تێکەڵ بە هەڕەشەکانی تری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکرێن. ئۆبراین گوتی " ئەو نیگەرانیانە زۆر جیاوازن لەوەی نیگەران بن لەسەر دەستێکی دەرەکی هەوڵ بدات کاربکاتە سەر هەڵبژاردنەکانمان." دووپاتی کردەوە هەڕەشەی سەرەکی ڕوسیا نییە. گوتی " کۆمەڵگەی هەواڵگری بە تەواوەتی ڕوونی کردۆتەوە ، سەرەتا چینتان هەیە ، کە مەزنترین بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەمەریکا لە ڕووی سیاسیەوە هەبێت".

ئەو وا دیاربوو گومانیش بخاتە سەر ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگیریانەی کە دەڵێن نەیارانی ئەمەریکا پشتی لایەنێک دەگرن و گوتی " هەندێک پشتیوانی بایدن دەکەن و هەندێک خەڵکیش دەڵێن هەندێکیان سەرۆکیان پێ باشترە." گوتیشی " هەڵوێستی من ئەوەیە گرنگ نییە ئەم وڵاتانە چییان بوێت، ئەوە گرنگە هەر وڵاتێک هەوڵ بدات دەستبخاتە نێو هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوای ئەمەریکا پێویستە ڕابگیرێت."

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە مانگی ڕابوردوو بڵاوکرانەوە دەردەکەوێت کاربەدەستە باڵاکانی دەزگا هەوڵگرییەکانی ئەمەریکا لەو بڕوایەدان وڵاتانی وەکو ڕوسیا و چین بە ڕوونی لایەنگری دەکەن و ڕوسیا زۆر کاریگەرە.

ویلیەم ئیڤانینا
ویلیەم ئیڤانینا


ویلیەم ئیڤانینا بەڕێوەبەری نێوەندی دژەزانیاری و ئاسایشی نیشمتانی لە 7 ی مانگی 8 لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاند " ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە ڕوسیا چەندین پێوانەی جیاجیا بەکاردەهێنێت تا نێوی جێگری سەرۆکی پێشو جۆ بایدن بزڕێنیت کە بە بونیادێکی دژە ڕوسیا دەیبینێت."

ئەو گوتیشی " هەندێک لە کارێکتەرەکانی سەر بە کرملن هەوڵیش دەدەنبەربژارێتی سەرۆک ترامپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەفیزیۆنی ڕوسیا بەرزڕابگرن."

ئیڤانینا گوتیشی چین و ئێرانیش دەخوازن جۆو بایدن سەربکەوێت.

ئیڤانینا گوتی بێژینگ ترامپ بە کەسێک دادەنێت کە "پێشبینی ناکرێت"، و کاربەدەستانی چینلە مەودای کاریگەریی ئەو ئۆپەراسیۆنەنەیان تێگەیشتوون کە دەستیان پێکردووە "ڕەنگە کاربکاتە سەر هەڵبژاردنەکان".

ترامپ کە بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی گوایە مۆسکۆ یارمەتیداوە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 بێزاربووە، بە بەردەوامی ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ڕوسیا پێی خۆش بێت سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

شەوی هەینی لە میانەی لێدوانێکی فراواندا لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە لە هەموو وڵاتانی جیهان زیاتر کرداری توندمان دژی ڕوسیا ئەنجام داوە" لە هەمانکاتدا گوتیشی هەڕەشەکانی ڕوسیا گەورەتریش کراونەتەوە.

ترامپ بە پەیامنێرانی گوت " سەرنجڕاکێشە کە هەموو کەسێک هەمیشە باسی ڕووسیا دەکات من پێم ناخۆش نییە باسی ڕووسیا بکەیت، بەڵام پێم وایە ڕەنگە چین لەم کاتەدا پێویستە زیاتر باس بکرێت زۆر لە ڕوسیا زیاتر."

کاربەدەستانی ئەمەریکا بەڵێنیان داوە سەرەڕای نیگەرانییە بێشومارەکان، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی پارێزراوترین هەڵبژاردن دەبێت لە مێژووی هاوچەخدا، هەرچەندە هۆشداریشیان داوە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی ڕابوردوو ڕەنگە ئەنجامی کۆتایی دوابکەوێت بەهۆی زۆری ئەو دەنگانەی بە ڕێگای پۆستە دەدرێن.

دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا و کاربەدەستانی چەسپاندنی یاساش گوتویانە هیچ زانیارییەک نییە کە بیسەلمێنێت وڵاتێکی بیانی یان لایەنیکی ناو وڵات لە ئێستادا هەوڵ بدات بە ڕێگای دەنگدان لە ڕێگای پۆستەوە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بشێوێنن.

XS
SM
MD
LG