Accessibility links

هەزاران کەس دەست دەکەن بە خۆپیشاندان دژی سەرۆکی ڤەنزوێلا


ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ

هەزاران خۆپیشاندەر ڕژانە سەر شەقامەکانی ڤەنزوێلا لە هەوڵێکدا بۆ ناچارکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ تاوەکو دەستبەرداری دەسەڵات ببێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکادا سەبارەت بەو قەیرانە سیاسییەی ڕووبەڕووی ڤەنزوێلا بۆتەوە کە یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا.

ڕابەری ئۆپۆزسیۆن خوان گوایدۆ داوای لە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا کرد گەورەترین خۆپیشاندان لە مێژووی ڤەنزوێلادا ئەنجام بدەن دژی مادورۆ، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سوپا تا ئێستا بەرهەڵستی لەوە دەکات یارمەتی پێشکەش بکات بۆ لەکارلابردنی مادورۆ.

گوایدۆ لە ڕۆژهەڵاتی کاراکاس لەبەردەم هەزاران خۆپیشاندەردا وتی " ئەگەر ڕژێمەکە پێی وابێت ئێمە زۆرترین فشارمان بەکارهێناوە ئەوا باوەڕ ناکەن چی دەکەین، دەبێت لەسەر شەقامەکان بمێنینەوە."

خۆپیشاندەران بە " چیمان دەوێت؟ ئازادی! " وەڵامی گوایدۆیان دایەوە وئەمەریکا و ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش دان بە گوایدۆدا دەنێن وەکو سەرۆکی یاسایی ڤەنزوێلا.

گوایدۆ وتیشی بیر لە پێشنیارێکی کرێکارانی کەرتی گشتی دەکاتەوە بۆ ڕاگرتنی کارکردن بۆ ماوەیەک تاوەکو فشار بخەنە سەر مادورۆ کە لە ساڵی 2013 ەوە دوای مردنی هۆگۆ چاڤێز دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.

زۆرجار ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندانی گەورەی لەسەر شەقامەکان ئەنجامداوە لەدژی مادورۆ بەڵام هەمیشە شکستیان هێناوە لەوەی مادورۆ ناچار بکەن واز لە پۆستەکەی بهێنێت، سەرەڕای خراپبوونی باری ئابووری وڵاتەکە.

جێی ئاماژەیە ناکۆکیەک هەیە لەنێوان ڕوسیا و ئەمەریکادا سەبارەت بە ڤەنزوێلا. ڕۆژی چوارشەممە واشنتن داوای لە مۆسکۆ کرد لە دەرەوەی " نیوە گۆی زەوی ئێمە " بمێنێتەوە و لەلای خۆشیەوە کرێملن هۆشیاریدایە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە هەر کردەوەیەکی دوژمنکارییانە دژی مادورۆی هاوپەیمانی.

هەتاوەکو ئێستا هێزە چەکدارەکانی ڤەنزوێلا پشتیوانی لە مادورۆ دەکەن، هەریەک لە ڕوسیا و چین و کوباش پشتیوانی لە مادورۆ دەکەن.

ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا سەبارەت بە ڤەنزوێلا:

مادورۆ گوایدۆ بە بوکەڵەی دەستی ئەمەریکا ناودێر دەکات و دەڵێت گوایدۆ هەوڵی کودەتا دەدات لەدژی.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە هاوتا ئەمەریکییەکەی مایک پەمپیۆی وت " گرتنەبەری هەنگاوی زیاتری دوژمنکاری لە ڤەنزوێلا دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە."

لاڤرۆڤبە گوتەی خۆی سەرکۆنەی" دەستوەردانی " ئەمەریکای کرد لە کاروباری ناوخۆی ڤەنزوێلادا و وتی ئەوە پێشێلکردنی یاسای نیودەوڵەتیە و دەبێت هێزە سیاسییەکان لە ڤەنزوێلا گفتوگۆ بکەن.

لەلای خۆشیەوە ئەمەریکا مۆسکۆی تاوانبار کرد بە تۆمەتی دەستوەردان لە کاروباری ڤەنزوێلادا.

ڕۆژی سێشەممە پەمپیۆ وتی مادورۆ ئامادە بووە دەستبەرداری دەسەڵات ببێت بەڵام دوای ئەوەی ڕوسیا هاتە ناو بابەتەکەوە پلانەکەی گۆڕی. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش ئەوەی ڕەت کردەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن کە هەڵوێستێکی توندی هەیە بەرامبەر ڤەنزوێلا وتی " دەستوەردانی ڕوسیا لە ڤەنزوێلا جێی پێشوازی لێکردن نیە."

بۆڵتن لە دەرەوەی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە نیوە گۆی زەوی ئێمەیە. ئەمە شوێنێک نیە ڕوسیا بتوانێت دەستی تێوەربدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG