Accessibility links

پەرلەمانی ڤەنزوێلا داوا لە حکومەت دەکات نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە وڵاتەکە دەربکات


کاراکاس، ڤەنزوێلا
کاراکاس، ڤەنزوێلا

پەرلەمانی ڤەنزوێلا کە زۆرینەیان سەر بە حیزبەکەی سەرۆکی وڵاتەکە نیکۆلاس مادورۆن داوایان لە حکومەت کرد نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە وڵاتەکە دەربکات، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەو سزایانەی کە یەکێتی ئەوروپا سەپاندوویەتی بەسەر 19 بەرپرسی وڵاتەکەدا.

پەرلەمانی ڤەنزوێلا نوسراوێکیان پەسەند کرد و تیایدا " سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا " ڕەت دەکەنەوە و " داوا " لە سەرۆکی وڵاتەکە دەکەن " نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە کاراکاس ئیزابێل بریلانتی بیدرۆسا لە وڵاتەکە دەربکات."

لە نوسراوەکەدا کە ئەندامانی پەرلەمانی ڤەنزوێلا پەسەندیان کردووە داوا دەکرێت پێداچوونەوە بکرێت بەسەر ڕێکەوتنی پەیوەست بە بوونی نێردەی ئەوروپا لە کاراکاس.

سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆرخی ڕۆدریگێز پێش ئەوەی داوا لە ئەندامانی پەرلەمان بکات دەنگ لەسەر نوسراوەکە بدەن وتی " بە هەردوو دەستم دەنگ دەدەم تاوەکو نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بە کەسێکی نەخوازراو لە وڵاتەکەدا ڕابگەیەندرێت."

ئەم ڕێوشوێنەی پەرلەمانی ڤەنزوێلا دوای ئەوە هات یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاند بەسەر 19 بەرپرسی ڕژێمەکەی مادورۆدا بەهۆی ئەوەی " دەستیان هەبووە لە پێشێلکردنی مافی هەڵبژاردنەکانی ئۆپۆزسیۆن و کۆسپ خستنەبەردەم ڕێچکەی دیموکراسی لەلایەن پەرلەمانەوە، هەروەها بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کۆتوبەند خستنەسەر مافە سەرەکیەکانەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG