Accessibility links

ڤەنزوێلا سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن بە تۆمەتی تیرۆر و ناپاکی دەستگیردەکات


سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا فرێدی گویڤارا
سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا فرێدی گویڤارا

ئۆفیسی داواکاری گشتی ڕایگەیاند سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا فرێدی گویڤارا لەلایەن پۆلیسی نهێنیەوە دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی " تیرۆر و ناپاکی " تۆمەتبار دەکرێت.

دادوەری گشتی ڤەنزوێلا تاریک ساب لە بەیاننامەیەکدا وتی گویڤارا کە هاوپەیمانێکی نزیکی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆیە، لەلایەن ئەندامانی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی بۆلیڤارییەوە دەستگیرکراوە، ئەوەش بەهۆی " پەیوەندییەکانیەوە بە توندڕەوان و ڕێکخراوە نیمچە سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی کۆڵۆمبیاوە."

جێی ئاماژەیە حکومەتی کۆڵۆمبیاش هاوشێوەی ئەمەریکا ڕەخنەی توند لە سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ دەگرێت.

ساب لە بەیاننامەکەدا وتی " بە تۆمەتی تاوانی تیرۆر و هێرشکردنە سەر دەستوور و پلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی تاوان و ناپاکی تۆمەتبار دەکرێت."

لە ساڵی 2015 دا گویڤارا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە هەڵبژێردرا کە دواتر ئۆپۆزسیۆن بە ڕابەرایەتی خوان گوایدۆ کۆنتڕۆڵی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد، پێشتریش لەلایەن حکومەتی ڤەنزوێلاوە بە تۆمەتی هاندان بۆ توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە مادورۆدا تۆمەتبار کراوە.

حکومەتی ڤەنزوێلا پێی وایە گویڤارا و لیۆپۆلدۆ لۆپێزی مامۆستای کە ئێستا لە ئیسپانیا دەژی، دەستیان هەبووە لە پێکدادانە توندەکەی هەفتەی ڕابردوودا لە کاراکاس کە بووە هۆی کوژرانی لانی کەم 26 کەس.

سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ناوی گویڤارا بهێنێت وتی " دەیانەوێت خۆیان وەکو دیموکراتخواز دەربخەن، بەڵام خۆیان دەکەنە هاوپەیمانی تاوانبارەکان."

وتیشی " هەندێک لەمانە پێشتر لەسەر دۆسیەی دیکە لێبووردنمان بۆ دەرکردوون، بەڵام دوای ئەوە بەزووترین کات دەگەڕێن بەدوای تاوانباراندا و پارە بە گروپە توندڕەوەکان دەدەن و ئامادەکاری بۆ پیاوکوشتن دەکەن ."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG