Accessibility links

کڕینی نەوتی ئێران ڤەنزوێلا دەخاتە ناو ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە


دوای ئەوەی یەکەمین کەشتی نەوت هەڵگری ئێرانی گەیشتە ڤەنزوێلا کە لە ئێستادا قەیرانی سوتەمەنی هەیە لە وڵاتەکەدا، کڕینی ئەم نەوتەی ئێران لەلایەن ڤەنزوێلاوە، وڵاتەکە دەخاتە ناو ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە.

ڕۆژنامەیەکی ناوخۆی ڤەنزوێلا ئاماژەی بەوەدا کەشتیگەلێکی ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەنە ڤەنزوێلا، 1.5 ملیۆن بەرمیل سوتەمەنیان پێیە.

ڤەنزوێلا یەکێکە لەو وڵاتانەی دەوڵەمەندە بە سوتەمەنی، بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتەدا ڕووخاوە و پاڵاوگەکانی لە کارکردن وەستاون.

سەرۆکی پێشووی کۆمپانیایەکی نەوتی حکومەتی ڤەنزوێلا خۆسێ تورو هاردی دەڵێت " ئێران تەحەدای ئەمەریکا دەکات بە ناردنی کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی لەڕێی زەریای ئەتڵەسیەوە." ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر ئەو کەشتیە نەوت هەڵگرە ئێرانیانە بتوانن بەبێ هیچ سزا و دەرەنجامێک لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا لەنگەر بگرن ئەوا " دەکرێت ئەمە نیشانەی لاوازیی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بێت."

لەم ڕۆژانەی دواییدا ئێران هۆشیاریدایە سەرۆکی ڤەنزوێلای هاوپەیمانی نیکۆلاس مادورۆر لەسەر " دەرەنجامەکان " لەکاتێکدا ئەگەر ئەمەریکا ڕێگەبگرێت لە پڕۆسەی ڕادەستکردنی سووتەمەنیەکە بە ڤەنزوێلا. لەلای خۆیەوە ئەمەریکا کەشتی سەربازیی لە ناوچەکەدا بۆ ئەو مەبەستە بڵاوکردۆتەوە.

سەرکردەی فەرماندەیی باشووری ئەمەریکا لە ناوچەی کاریبی ئەدمیڕاڵ کرێگ فالەر وتی واشنتن " بە نیگەرانییەوە " چاودێری کارەکانی ئێران پەیوەست بە ڤەنزوێلاوە دەکات، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە کەشتیە نەوت هەڵگرەکان نەدا.

تۆری هاردی پێی وایە ڤەنزوێلا کەوتۆتە ناو " کێشە جیۆسیاسیەکانەوە."

حکومەتەکەی مادورۆ بەردەوام پشتی ئێران دەگرێت لە ناکۆکیەکانی نێوان واشنتن و تاراندا. هەروەها مادورۆ یەکەمین کەس بوو ڕەخنەی توندی لە هێرشە ئاسمانیەکەی ئەمەریکا گرت لە بەغداد کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی.

ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر کەرتی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلادا. شارەزا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان جیۆڤانا دو میشال دەڵێت ڕەوانەکردنی کەشتی ئێرانی بۆ ڤەنزوێلا لەوانەیە ببێتەهۆی ئەوەی سزای دیکە بسەپێندرێت بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا.

هەروەها دەشڵێت لەبەرچاوی ئەمەریکادا ڤەنزوێلا " وڵاتێکە هەڵهاتووە لە یاسا ". لەلایەکی دیکەوە بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە مادورۆ شانەیەکی حیزبوڵای لوبنانی لە وڵاتەکەیدا دەپارێزێت، هەروەها وەزیری نەوتی ڤەنزوێلا تاریق عەسیمی پەیوەندیەکی نزیکی هەیە لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانیدا، ڤەنزوێلاش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمەریکاوە لێدانێکی بەهێزە بۆ ئەو کەرتەی کە پێشووتریش لە داڕووخاندا بوو. بەپێی ڕێکخراوی ئۆپیک دەڵێت لە ئێستادا ڤەنزوێلا تەنها 620 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، 10 ساڵ لەمەوبەر نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمهێناوە.

شارەزایەکی دیکەی سیاسی لویس ئۆلیڤیرۆس دەڵێت ئەم سوتەمەنیەی ئێران دەیدات بە ڤەنزوێلا هەناسەیەک دەدات بە نیکۆلاس مادورۆ، بەڵام تەنها بۆ مانگێک، " هیچ چارەسەرێکی دیکەی بۆ ئەم قەیرانە مەترسیدارە نیە."

بەپێی تورۆ هاردی پێش داخستنی گشتی وڵاتەکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ڤەنزوێلا ڕۆژانە 70 بۆ 80 هەزار بەرمیل سوتەمەنی بەکارهێناوە.

لە ئێستادا بەکارهێنانی سوتەمەنی لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە. ڤەنزوێلا لە بازنەیەکی بەتاڵدا گیریخواردووە، بەپێی ئەوەی لە ئێستادا بەهۆی ڕووخانی بەرهەمهێنانی نەوتەوە خەزێنەکانی نەوت لەو وڵاتەدا بەتاڵن، هیچ پارەیەکیشی نیە بۆ کڕینی سوتەمەنی، بەبێ سوتەمەنیش چالاکیە ئابوورییەکانی وڵاتەکە دەوەستن.

لەم کاتەدا ئەگەر ئێران بتوانێت بەشێوەیەکی بەردەوام سوتەمەنی ڕەوانەی ڤەنزوێلا بکات، ئەوا دەتوانێت سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکاش نەوتەکەی بفرۆشێت.

بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ڤەنزوێلا چۆن پارەی ئەم سوتەمەنیە دەدات؟ هێشتا حکومەتی ڤەنزوێلا هیچ شتێکی لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە. بەڵام سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ نیکۆلاس مادورۆ تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی کڕینی نەوتی ئێران لەڕێی ئەو ئاڵتونەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە کە دەوڵەمەندن بە ماددە کانزاییەکان دەردەهێندرێن. واشنتنیش پشتگیری لەو تۆمەتانە دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG