Accessibility links

کۆبوونەوەیەک بە سەرکردایەتی ئەمەریکا: دەبێت سزاکانی سەر کۆریای باکوور بمێننەوە


لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە کۆریای باکوور بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کە ژمارەیان دەگەیشتە 20 وڵات وتیان دەبێت فشارەکان و سزاکانی سەر کۆریای باکوور وەکو خۆیان بمێننەوە بۆ ئەوەی پیۆنگیانگ ناچار بکەن واز لە بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی بهێنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن لە میانەی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژێک دەخایەنێت لە ڤانکۆڤەری کەنەدا وتی " دەبێت خەرجییەکانی سەر ڕژێمەکە زیاتر بکەین بەهۆی ڕەفتارەکانیەوە تاوەکوو کۆریای باکوور ناچار بێت ئامادە بێت لەسەر مێزی گفتوگۆکان بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن."

وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تارۆ کونو وتی دەبێت جیهان هەڵنەخەڵەتێت بەوەی کە ئێستا کۆریای باکوور دەستی کردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ سیئۆلدا پێش یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانە لە شاری پیۆنگچانگی کۆریای باشوور.

وتیشی " هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە فشارەکانی سەر کۆریای باکوور کەم بکرێنەوە. چوونی کۆریای باکوور بۆ ناو گفتوگۆکان دەتوانین بڵێین کە بەڵگەیەکە لەسەر سەرکەوتنی سزاکان."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تیلەرسن داوای لە چین و ڕوسیا کرد بەتەواوەتی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور جێبەجێ بکەن.

جێی ئاماژەیە هەریەک لە چین و ڕوسیا بە توندی ڕەخنەیان لە کۆبوونەوەکەی ڤانکۆڤەر گرت و بەشداریان تێیدا نەکرد.

کۆشکی سپی لە ماوەی ڕابردوودا وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جین پینگ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا هیوایان خواستووە کە گفتوگۆکانی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕەفتارە خراپ و وروژێنەرەکانی پیۆنگیانگدا.

کۆشکی سپی ڕاشیگەیاند " سەرۆک ترامپ بەڵێنیداوە بەردەوام بێت لەم کەمپینە جیهانیە بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی توندترین سزا و فشار بەسەر کۆریای باکووردا تاوەکو ناچاری بکات واز لە چەکی ناوەکی بهێنێت."

هەروەها لە لێدوانێکی جیادا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش باسی لە پێویستی و گرنگی جێبەجێکردنی سزاکان سەر کۆریای باکووری کرد و وتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاسانکاری دەکات بۆ گفتوگۆکردن.

لە هەمان کاتیشدا گۆتێرێش پێشوازی لە کردنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی نێوان دوو کۆریاکە کرد بەتایبەتی هێڵی پەیوەندییە سەربازییەکان و وتی کردنەوەی ئەو جۆرە هێڵانە زۆر گرنگە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵە تێگەیشتن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG