Accessibility links

ڤان هۆڵن دەڵێت پلانی ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان مەترسیدارە


ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا میچ مککۆنێڵ

سیناتۆری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کریس ڤان هۆڵن ڕابەری کۆمارییەکانی لە ئەنجومەنەکە میچ مککۆنێڵی تۆمەتبار کرد بەوەی ژیانی ئەندامان و ستافی ئەنجومەنی سینات دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر بێتوو هەفتەی داهاتوو ناچاریان بکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان بەبێ گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێک دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڤان هۆڵن وتی نامەیەکی ئاڕاستەی میچ مککۆنێڵ کردووە و تیایدا داوای وردەکارییەکانی کردووە لەسەر ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی سینات و ستافەکان چۆن پارێزراو دەبن کاتێک هەفتەی داهاتوو دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

ڤان هۆڵن لە بەیاننامەیەکداوتی " من ئامادەم سیناتۆرەکان ببینمەوە کارەکانیان لە ئەنجومەنی سینات دەست پێبکەنەوە، بەڵام بەبێ گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێکی پاراستن، میچ مککۆنێڵ ژیانی ئەندامان و ستافی ئەنجومەنەکە دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها کۆسپ دەخاتە بەردەم هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەمە جێی قبوڵکردن نیە."

تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا زیاتر لە 58,000 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ئێستادا هەندێک لە کۆمارییەکان داوا دەکەن ڕێوشوێنەکانی داخستنی وڵاتەکە کەم بکرێتەوە و کارەکان و ئابووری وڵاتەکە بکرێنەوە، بەڵام زۆرێک لە دیموکراتەکان داوا دەکەن ڕێوشوێنەکان وەکو خۆیان بمێننەوە و پێیان وایە کردنەوەی وڵاتەکە دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە.

هێشتا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە واشنتنی پایتەخت لە زیادبووندایە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە زۆرینەیان دیموکراتەکانن بڕیار بدەن هەفتەی داهاتوو نەگەڕێنەوە سەر کار.

بەڵام میچ مککۆنێڵی ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان تیایدا باڵا دەستن بە فۆکس نیوزی وت " ئەگەر خەڵکانێک لە پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدا کار بکەن ئەوا دەبێت ئێمەش کاربکەین. ڕێوشوێنی خۆپاراستن دەگرینەبەر و بە پارێزراوی لە ئەنجومەنی سینات کاردەکەن، بەڵام دەبێت بچینەوە سەر کارەکانمان، بێ کار دانانیشین."

ڤان هۆڵن ئەوەشی خستەڕوو هەندێک لە ستافی ئەنجومەنی سینات بە پۆلیسەکانیشەوە پشکنینیان بۆ کراوە و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، هەفتەی ڕابردوو 11 کرێکار کە کاریان لە نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکەدا کردبوو دەرکەوت هەموویان هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە شەش ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 30 ئەندامی دیکەش خۆیان کەرەنتینە کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG