Accessibility links

ڕوانگه: جێهێشتنی ڕێکه‌وتنی ناوکی له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه چۆن کاریگه‌ری ده‌کاته سه‌ر ئێران؟


دانۆڵد ترامپ پاش نێوەڕۆی سێشەممە بڕیاری دا وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێراندا بکشێتەوە و سەرلەنوێ سزاکانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە سەبارەت بە بەرنامە ناوکیـیەکە. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گوتی ئەو ڕێکەوتنە ناوکیـیەی لە ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا کۆمەڵی نێودەوڵەتی پـێی گەیشت هیچ سوودێکی نەبووە و نەیتوانیوە ئێران لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی دوربخاتەوە و هەروەها نەیتوانیوە وەها لە ئێران بکات لە نانەوەی ناسەقامگیری وازبهێنێت.

ترامپ گوتی جارێکی دیکە لەسەر بەرزترین ئاستی ئابوری ئەمەریکا سزاکانی بەسەر تاراندا دەسەپـێنێتەوە و هەر وڵاتێک یارمەتی ئێران بدات لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، ئەوا شیانی هەیە سزای توندی ئەمەریکا بەسەر ئەویشدا بسەپـێنرێت. پاشان سەرۆک ترامپ دووپاتی کردەوە کاتێک بەڵێن دەدات تەنیا هەر قسە نیـیە، بەڵکو جێبەجێی دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکیشی بۆ خەڵکی ئێران ڕاگەیاند و گوتی ئەو میلـلەتە زۆر بەدەست ئەو ڕژێمەوە ناڵانوویەتی، گەلی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو خەڵکەیە کە شایستەی ژیانێکی زۆر باشترن. ترامپ لە پاش پـێشکەشکردنی وتارەکەی ڕاستەوخۆ بڕیارەکەی واژوکرد و واژوکەی خۆی لەسەر بڕیارەکە نیشانی میدیاکان دا.

هاوکات وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ماوەی نێوان 90 بۆ 180 ڕۆژی داوە بە کۆمپانیا ئەوروپایـیەکان تاوەکو کۆتایی بە کارەکانیان لەگەڵ ئێراندا بهێنن. بەڵام یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند سەرەڕای بڕیارەکەی ئەمەریکا بەڵام ئەوان هەر پابەندی ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکە دەبن.

حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران ناڕەزایی خۆی دەربڕی و گوتی ئەمەریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە و ئەوان لە ئێستادا چاوەڕێی هەڵوێستی وڵاتانی دیکە دەکەن تاوەکو تاران بڕیاری خۆی بدات. گوتیشی ئەگەربێت و هەوڵەکان شکست بهێنن ئەوا ئێران زۆر لە جاران زیاتر یۆرانیۆم دەپـیتێنێت.

دوای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ هەندێک لە وڵاتانی جیهان و لایەنەکانی ناو ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کاردانەوەیان هەبوو سەبارەت بە بڕیارەکە و هەندێک پێشوازییان لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ کرد و هەندێکیش نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکەدا.

یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەشدارە لە ڕێکەوتنەکەدا ئەڵمانیایە، لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی وڵاتەکەی هەوڵدەدات لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بمێنێتەوە سەرەڕای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی ئەمەریکا.

لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هەست بە بێهیواییەکی زۆر دەکات سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران. وتیشی " هیچ بیانوویەک نیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە. ڕێکەوتنەکە سەرکەوتوویی خۆی دەرخستووە."

ڕێبەرانی بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی بڵاویکردەوە دەڵێن " داوا لە ئەمەریکا دەکەین بەربەست نەخاتە بەردەم ڕێکەوتنەکە و خۆی بەدووربگرێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێن کە ببێتە هۆی بەربەست دانان لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی دیکەی ناو ڕێکەوتنەکەوە."

بۆ باس سه‌باره‌ت به کاریگه‌رییه‌کانی جێهێشتنی ڕێکه‌وتنی ناوکی له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه به سه‌ر ئێراندا و ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کجاری ڕێکه‌وتنی ناوکی ئه‌مڕۆ له به‌رنامەی ڕوانگه دوو میوانمان له‌گه‌ڵ ده‌بێت.
دۆکتور کرمانج گۆندی مامۆستای زانکۆی ولایه‌تی تێنێسی و خاتوو شۆکریه کوردستانی، خوێندکاری دۆکترا له بواری سیاسه‌ت و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له زانکۆی کلێرمێنت لە کالیفۆرنیا.

XS
SM
MD
LG