Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ڕاگرتنی هاتنی هاووڵاتیانی ئەو حەوت ووڵاتە بۆ ئەمەریکا ئامڕازێکی سەرەکیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ووڵاتەکە


سەرۆک ترامپ وەکوو ئامڕازێکی سەرەکی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی باس لە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتەکان دەکات لە حەوت ووڵاتی موسوڵمانەوە. ئەمەش چەند کاتژمێرێک بەرلەوەی دانیشتنەکەی دادگای پیاداچوونەوە دەست پێبکات تاوەکو بڕیار بدات فەرمانەکەی بە ڕاگیراوەیی بمێنێتەوە یان نا.

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە بە کاتی خۆجێی دادگای 9ی پیاداچوونەوەی ئەمەریکا لەشاری فرانسیسکۆ بە سەرۆکایەتی سێ دادوەری فیدڕاڵی لەڕێگەی تەلەفونەوە دانیشتنەکە سازبدەن تاوەکو بڕیار بدەن فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بە ڕاگیراوەیی بمێنێتەوە یان سەرلەنوێ کاری پێبکرێتەوە.

سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیس لە کۆشکی سپی وتی " من لەڕاستیدا ناتوانم باوەڕ بکەم کە لە ناو دادگادا شەڕ لەگەڵ خۆماندا بکەین بۆ پاراستنی ئاسایش ، بۆ پاراستنی ئاسایشی ووڵاتەکەمان"

وتیشی "چەکدارانی داعش هەڕەشەیان کردبوو وەکوو کۆچبەر دزە بکەنە ناو ئەمەریکا و ووڵاتانی دیکەوە,ئایا ئێمە ناتوانین لێپێچینەوە لەو کەسانە بکەین کە دێنە ناوەوە؟، ئەوەم تێبگەیەنن."

سەرۆک ترامپ ٢٧ی مانگی یەک بڕیاری هاتنی هاوڵاتیانی حەوت ووڵاتی زۆرینە موسوڵمانی ڕاگرت ئەوانیش ئێران و عێراق و لیبیا و سۆماڵ و سودان و سوریا و یەمەن.

ڕەخنەگرانی سەرۆک ترامپ ئەم بڕیارە بە پارێزگاری لە ئاسایشی نیشتیمانی نابینن بەڵکو جیاکارییەکە لەگەڵ موسوڵمانەکاندا دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG