Accessibility links

ئەمەریکا گەڕایەوە سەر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی


ئەمەریکا دووبارە گەڕایەوە سەر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و پابەندبوون بە بەرپرسیارێتیە داراییەکانیەوە بەرامبەر ڕێکخراوەکە، هەروەها وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی دژی پەتاکە دەستپێکردەوە لەکاتێکدا جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

پسپۆڕی باڵای نەخۆشیە گوازراوەکانی ئەمەریکا ئەنتۆنی فاوچی وتی ئەمەریکا " پابەندی بەرپرسیارێتیە داراییەکانی دەبێت بەرامبەر ڕێکخراوەکە. "

دوای ئەوەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاربوو، سەرۆک جۆو بایدن هۆشیاریدا لەوەی وڵاتەکەی دەچێتە قۆناغێکی " مەترسیدارتری ڤایرۆسەکەوە "، ئەمەش لەکاتێکدا حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە ئەمەریکا تا دێت زیاتر دەبێت.

لەلایەکی دیکەشەوە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە بەڕیتانیا سەریهەڵدا لە ئێستادا بە 60 وڵاتدا بڵاوبۆتەوە و وڵاتانی دیکەشی نیگەران کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی وڵاتەکە دەستبەجێ فەرمانی کرد بە گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ سەر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ لە ڕێکخراوەکە کشایەوە. هەروەها فەرمانێکی واژۆ کرد تیایدا کارمەندانی حکومەت ناچار دەکات دەمامک ببەستن و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکەن.

بایدن وتی " دەبێت سیاسەت بخەینە ئەولاوە و لە کۆتاییدا وەکو نەتەوەیەک ڕووبەڕووی ئەم پەتایە ببینەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG